بەغدا و واشنتن تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هاوبەشیی ستراتیژی دەکەن

سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاستی هەماهەنگییەکانیان کرد بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە لایەن تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریاوە پێ گەیشت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە پەیوەندییەکەدا، نێردەی ئەمریکا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی زەیدی کرد بە بۆنەی بە فەرمی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.

بە پێی راگەیەنەراوەکە، هەر لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا تاوتوێی رێگاکانی پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکایان کرد.

هاوکات جەختیان لەسەر فراوانکردنی ئاستی هەماهەنگی و هاوکارییەکان لە چەندین بواری جیاوازدا کردەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە چەسپاندن و قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات بکات.

ئێوارەی دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، بە فەرمی لەسەر دیاریکردنی عەلی فالح زەیدی، وەک تاکە کاندیدیان بۆ وەرگتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتن.