بانکی ناوەندیی ئەوروپا رێژەی سوودی جێگیر کرد
سەرەڕای زیادبوونی مەترسییەکانی هەڵاوسان بەهۆی جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی وزە، بانکی ناوەندیی ئەوروپا بڕیاریدا رێژەی سوود بەبێ گۆڕانکاری بهێڵێتەوە، هاوکات هۆشداری دەدات کە درێژەکێشانی ململانێکان کاریگەری قورسی لەسەر ئابووری جیهانی دەبێت.
درەنگانی رۆژی پێنجشەممە بانکی ناوەندیی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی بانکەکەدا، بڕیاریدا رێژەی سوودی سەرەکی لە ئاستی 2% بەبێ گۆڕانکاری بهێڵێتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەو فشارە داراییانەی بەهۆی تێکچوونی دۆخی ناوچەکە دروست بوون.
بانکەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی توندی نرخی وزە، ئەمەش رێژەی هەڵاوسانی بەرز کردووەتەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر متمانەی چالاکییە ئابوورییەکان دروست کردووە." ئاماژەی بەوەش کردووە کە لێکەوتەکانی جەنگ لەسەر ئابووری، بەندە بە توندی و ماوەی بەردەوامیی شۆکی نرخی وزەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "هەرچەندە جەنگ درێژە بکێشێت و نرخی وزە بە بەرزی بمێنێتەوە، کاریگەرییەکان لەسەر هەڵاوسان و ئابووری بە گشتی قورستر دەبن." ئێستا بەرزبوونەوەی نرخی وزە کاریگەری کردووەتە سەر سەرجەم 21 وڵاتەکەی ناوچەی یۆرۆ.
کریستین لاگارد، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەوروپا، ئامادەیی بانکەکەی بۆ هەر دەستوەردانێکی پێویست دەربڕی و جەختی کردەوە کە ماوەی بەردەوامیی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ بڕیارەکانی داهاتوویان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، رێژەی هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ لە مانگی نیساندا گەیشتووەتە 3%، لە کاتێکدا لە مانگی ئاداردا 2.6% بووە. پێشبینی دەکرێت ئەم رێژەیە زیاتر بەرز بێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی نرخی نەوت بەهۆی جەنگی ئێرانەوە گەیشتە 124 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی چوار ساڵی رابردوویەتی.
سەرەڕای ئەوەی هەڵاوسانی سەرەکی بۆ 2.2% دابەزیوە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و وزە وەک گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری ئابووری ناوچەکە دەمێنێتەوە.