ژاپۆن.. پیاوێک تەرمی هاوژینەکەی لە سووتێنەری باخچەی ئاژەڵان دەسووتێنێت
پۆلیسی ژاپۆن کارمەندێکی باخچەی ئاژەڵانی بە تۆمەتی سووتاندنی تەرمی هاوژینەکەی دەستگیر کرد. تۆمەتبارەکە سووتێنەری تایبەت بە پاشماوەی ئاژەڵانی بۆ لەناوبردنی جەستەی هاوژینەکەی بەکارهێناوە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر هەڕەشەی ئەوەی لێکردبوو کە "هیچ شوێنەوارێکی ناهێڵێتەوە".
رۆژی هەینی 1ی ئایاری 2026، میدیاکانی ژاپۆن بڵاویانکردەوە، دەسەڵاتدارانی وڵات پیاوێکیان بە ناوی "تاتسویا سوزوکی" دەستگیر کردووە، کە گومان دەکرێت تەرمی هاوژینەکەی لەو باخچەی ئاژەڵانەی لێی کار دەکات، سووتاندبێت.
بەرپرسێکی پۆلیس بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاندووە، سوزوکی رۆژی پێنجشەممە دەستگیر کراوە بە تۆمەتی گواستنەوەی تەرمی هاوژینەکەی بۆ شوێنێکی گەشتیاری لە دوورگەی "هۆکایدۆ" لە باکووری وڵات و سووتاندنی جەستەکە لەوێ.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەرمەکە هی هاوژینی تۆمەتبارەکەیە کە تەمەنی 33 ساڵ بووە، بەڵام پۆلیس تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی مردنەکەی ئاشکرا نەکردووە. سوزوکی لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە سووتێنەری باخچەی ئاژەڵانی "ئاساهیاما"ی بەکارهێناوە، کە تایبەتە بە لەناوبردنی پاشماوە و جەستەی ئاژەڵە مردووەکان، بۆ ئەوەی تەرمی هاوژینەکەی تێدا بسووتێنێت.
پۆلیس دوای گەڕان و پشکنین، پاشماوەی جەستەی مرۆڤی لە ناو سووتێنەرەکەدا دۆزیوەتەوە و هەر بەو هۆیەشەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارەکە دەرکردووە.
هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمی ژاپۆن لە زاری سەرچاوە نزیکەکان لە لێکۆڵینەوەکەوە بڵاویکردەوە، پێشتر ژنەکە نیگەرانی خۆی لای خزم و کەسوکاری دەربڕیوە و رایگەیاندووە کە هاوژینەکەی هەڕەشەی لێکردووە و پێی وتووە "وات لێ دەکەم هیچ شوێنەوارێکت نەمێنێت".