سامان عارەب: لە کابینەی نۆیەم 131 مۆڵەتی وەبەرهێنانی گەشتیاری لە هەولێر دراون

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ گەشەپێدانی کەرتی ئابووری، تا ئێستا 131 مۆڵەتی وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاریدا لە سنووری پارێزگای هەولێر دراون. ئەم پڕۆژانە کە سەرمایەکەیان 13 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت، ئامانجیان بەهێزکردنی ژێرخانی گەشتیاری و راکێشانی گەشتیارانی زیاترە بۆ ناوچەکە.

هەینی 1ـی ئایاری 2026، سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا کارئاسانیی زۆر بۆ وەبەرهێنەران کراوە؛ گوتیشی: لە سنووری پارێزگای هەولێر لە کۆی 700 مۆڵەتی وەبەرهێنان 131 مۆڵەتە لە بواری گەشتیاریدا بەخشراون، بە سەرمایەی زیاتر لە 13 ملیار دۆلار جێبەجێ دەکرێن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەم قۆناغەدا حکوومەت لە سنووری پارێزگای هەولێر، زیاتر جەختی لەسەر ئەو پڕۆژانە کردووەتەوە کە "ستراتیژی و بنەڕەتین". گوتیشی: "تەنیا پێدانی مۆڵەت ئامانج نییە، بەڵکوو هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەکان، گرنگییەکی زۆر بە کەرتی رێگەوبان دراوە. هەموو ئاسانکارییەک کراوە بۆ ئەوەی گەشتیاران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە ئاسانی بگەنە شوێنە گەشتیارییەکان و کاتێکی ئارام بەسەر بەرن."

سامان عارەب، دووپاتیشی کردەوە، ژێرخانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە و گرنگییەکی زۆری پێدراوە، هەر لە ماوەی رابردوو دا چەندین پۆند بۆ گلدانەوەی و کۆگاکردنی ئاو لە ناوچە جیاوازەکان دروست کراون.

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات لە رێگەی هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی، کەرتی گەشتیاری بکاتە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئابووریی نیشتمانی و هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان لەو بوارەدا بڕەخسێنێت.