هەڤپەیڤینی تایبەتی کوردستان24 لەگەڵ کونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر
لیو جون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، ستایشی هەڵوێستی ژیرانەی سەرکردایەتیی کورد لە هەمبەر ململانێکانی ناوچەکە دەکات، هاوکات ئاشکرای دەکات کە وڵاتەکەی دەیەوێت قەبارەی وەبەرهێنانەکانی لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات و بەڵێنی کەمکردنەوەی تێچووی ڤیزا و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم گەشتیاران و بازرگانانی کورد دەدات.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی کوردستان24 لەگەڵ لیو جون، کونسوڵی گشتیی کۆماری چینی میللی لە هەرێمی کوردستان
کوردستان24: بەڕێز جەنابی کونسوڵ گەلێک سوپاس بۆ ئەم دیدارە لەگەڵ کوردستان24، بەخێر بێن.
لیو جون: دڵخۆشم بەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم.
کوردستان24: دەمەوێت شیکردنەوەیەکی کورت سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، مەبەستم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، خوێندنەوەتان بۆ جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا چییە؟
لیو جون: بەڵێ، ئەمە بابەتێکی گرنگە، ئەوەش دەبێتە پێداچوونەوەیەک بۆمان بزانین چی روویدا، با بیروڕای خۆمان سەبارەت بەوەی روویدا بخەینەڕوو. دوای نزیکەی 50 ساڵ لە ململانێ، ئەوەی روویدا تراژیدیایەکی مەزن بوو، خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستدا، چەند رۆژێک پێش ئێستا هەواڵێکم بینی، بە تەنیا لە ئێران نزیکەی 3,500 کەس گیانیان لەدەستداوە، 35 هەزاری دیکەش برینداربوون. ئەوەش ژمارەیەکی زۆری قوربانییە، هەروەها لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بینیمان قوربانی هەبوو. بەهۆی ململانێ و جەنگەوە، ئابووری لە خاڵێکدا وەستاوە، بینیمان گەشتە ئاسمانییەکان راگیران، جووڵەی ئاسایی خەڵک ئیفلیج کرا، ئەوەش تراژیدیایە، هەموو شتێک وەستا. ئەگەر سەیری سەدەکانی رابردووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، دەبینین ئەم ناوچەیە بەهۆی ململانێوە گیریخواردووە. ئەگەر سەریری رەگ و رێشە و هۆکارەکان بکەین، ئێمە لەو باوەڕەداین هۆکارەکان دەستوەردانی دڕندانەی زلهێزە دەرەکییەکان. بەو شێوازەی ئەوان هەوڵدەدەن کێشەکان چارەسەر بکەن، نادادپەروەرانە و تاک لایەنانەیە. پێمانوایە، ئەگەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەلامەت نەبێت، تاواوی جیهانیش لە ئاشتیدا نابن، ئەم خاڵە زۆر گرنگە. باوەڕمان وایە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هۆکار و رەگ و ریشەی کێشەکان، نابێت بە جەنگ کێشەکان چارەسەر بکەین و بگەڕێینەوە بۆ یاساکانی دارستان.
کوردستان24: چین چ رۆڵێکی گێڕاوە هەم لە بابەتی ئاگربەست، هەم لە بابەتی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە؟
لیو جون: بەڵێ، کاتێک جەنگەکە دەستیپێکرد، چین لە نزیکەوە چاودێریی دەکرد. لە ماوەی جەنگەکە چین هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەیشتن بە ئاشتی دەدا. لە کۆبوونەوە گرنگەکانی ئەم دواییە، لەنێوان سەرۆکی چین، شی جینپینگ و سەرکردەکانی وڵاتانی دیکە بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو، چین بە مەبەستی چارەسەر چەندین بیرۆکەی گرنگی پێشنیاز کرد، سەرەتا، پێمانوایە پێکەوەژیان گرنگە، وڵاتانی ناوچەکە دەکرێت بە ئاشتی پێکەوە بژین، وڵاتانی ناوچەکە دراوسێن و لاناچن. بەم شێوەیەش، بنەمای سەرەکی پێکەوەژیانە. دووەم، سەروەریی نیشتمانییە، باوەڕمان وایە ئەمە بنەما و بناغەیەکی سەرەکییە، بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو هێڵی ژیانە، وەک سەرچاوەی داهات و بژێوییە بۆ هەر نەتەوەیەک. بەبێ سەروەریی نیشتمانی ئاسایشمان نابێت. پێمانوایە، دەبێت بەتەواوی رێز لە سەروەری نیشتمانی، ئاسایش و یەکپارچەیی خاک بگیرێت. سێیەم، سەروەریی یاسا نێودەوڵەتییەکان بنەمایەکی دیکەیە، لە جیهان حکوومەتێکی یەکگرتوومان نییە، بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکانمان هەیە، دەبێت جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان رێزی لی بگیرێت، هەندێک یاسای بنچینەیی نێودەوڵەتی، کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەبەن، دەبێت ئەو یاسایانەش بەتەواوی رێزیان بگیرێت. بەپێچەوانەوە، جیهان لە پشێوی و ئاژاوەدا دەبێت. لە کۆتاییدا، بنەمایەکی دیکە ئەوەیە، دەبێت هاوسەنگیی ئاسایش و بەرەوپێشچوون بپارێزین، ئەمە وەک دوو دیوی دراوێک وایە، بەرەوپێشچوون بناغەی ئاسایشە، لەکاتێکدا ئاسایش گەرەنتییەکە بۆ بەرەوپێشچوونی دوورمەودا. ناتوانین ئەم دووانە لەیەکدی جیابکەینەوە.
کوردستان24: لە جەنگەکەدا چەندین جار هەرێمی کوردستان کەوتە بەر پەلاماری ئێران و گرووپە چەکدارە عێراقییەکان، دەمەوێت بزانم تێڕوانینی چین سەبارەت بەم بابەتە چییە، ئایا چین رۆڵی بێلایەنیی هەرێمی کوردستان چۆن دەنرخێنێت؟
لیو جون: کاتێک سەیری دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئێستا من وەک دیپلۆماتکارێک قسە ناکەم، لەو 50 رۆژەی رابردوو، واتە لە 28ـی شوبات تاوەکو 7 و 8ـی نیسان، لەم نزیک 50 رۆژەی جەنگەکە، هەمان هەستی تۆم هەبوو. با راشکاوبن لەگەڵت، بۆ 50 رۆژ، من لە نوسینگەکەم دەژیام، بەهۆی مەترسییەوە نەمدەتوانی بڕۆمەوە ماڵەوە، هەمان هەستی ئێوەم هەبوو. پێموایە، هەڵوێستی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە جەنگەکە، بەڵام بەداخەوە، دەبینین هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج، هەموو رۆژێک رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی دەبوویەوە، دەمان بینی لە ئاسمان دەتەقینەوە. تەنانەت رووداوەکە بۆ خێزانەکانیش قورس بوو، چونکە نەیاندەتوانی بۆ منداڵەکانیان روونیکەنەوە، بۆچی ئەمە روویداوە. بەهەرحاڵ، لەو باوەڕەدام، هەڵوێستی کوردستان، بەیایبەتی سەرکردایەتیی کورد، زۆر زیرەکانە بوو، سەرکردایەتیی کورد هەمیشە دووپاتیکردووەتەوە، نابێت هەرێمی کوردستان وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، ئەمە هەڵوێستێکی زۆر گرنگە. بەڵام ئامۆژکاریی من ئەوەیە، گرنگە ئەو بنەمایانەی ئێمە باوەڕمان پێیانە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هی ئەو نەتەوە و خەڵکەیە تێیدا دەژین، دەبێت چارەنسووسی خۆت لە دەستی خۆت بێت، ئەگەر ئاسایشی خۆت بخەیتە دەستی کەسانی دیکە، لە کۆتاییدا ناتوانی خۆت لە ململانێکان دوورخەیتەوە. ئێوە دەبێت بۆ ئاسایش ئۆتۆنۆمییەکی ستراتیژیتان هەبێت.
کوردستان24: هەندێک وڵات لەم جەنگەدا چینیان تاوانبار کرد کە لە رووی سەربازییەوە هاوکاری ئێرانیان کردووە، رای ئێوە چییە؟
لیو جون: راستە، چین و ئێران پەیوەندییەکی باشیان هەیە، ئێمە لەسەر ئاستی دەوڵەت پەیوەندییەکی ئاساییمان هەیە. بەڵام ئەم تۆمەتانە، هیج بنەمایەکیان نییە، ئەم تۆمەتانەی ئاڕاستەی چین دەکرێن، نموونەیەکی دووفاقییە. دەبینین چەند وڵاتێکی دیاریکراو ژمارەیەکی زۆر چەک رەوانەی ناوچەی جەنگ دەکەن. بەڵام بە وڵاتانی دیکە دەڵێت، ئێوە هیچ مافێکتان نییە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکەی دیکە بکەن، ئەمە هیچ مەعقول نییە و دووڕووییە.
کوردستان24: خۆتان دەزانن ئەم جەنگە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئابووری تەواوی جیهان هەبووە، چین وەک وڵاتێکی مەزن لە رووی ئابوورییەوە دەتوانێت لەم قەیرانە گەورە جیهانییە چی پێشکەش بکات؟
لیو جون: راستە، ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، ئەم جەنگە هەر لەسەرەتا نەدەبوو رووبدات، تەنانەت ئەگەر روویدا، دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکەین، ئاڵنگارییەکان زۆر گەورەن، بەڵام وەک وڵاتێکی وەک چین، ئێمە نەتەوەیەکی گەورەین، دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکەین و رووبەڕووی بینەوە. لەڕاستیدا، ئەم جارە کاریگەرییەکان لەسەر چین ئەوەندە زۆر نەبوو، هەندێک لە راپۆرتە ئابوورییەکان لە سۆشیال میدیا پێشبینییان دەکرد، بەهۆی جەنگەکەوەە چین زیانێکی زۆر دەکات. لەراستیدا ئێمە زیانی زۆرمان نەکرد، کاریگەرییەکان لەسەر چین کەم بوون، دەزانی بۆچی؟ چونکە چەند ساڵێک پێش ئێستا ستراتیژی خۆمان گۆڕی بۆ وزەی پاک، هەموو هەوڵێکمان چڕکردەوە تاوەکو تەکنەلۆجیای خۆمان لەبواری وزەی پاک پێشبخەین و پشتبەستنمان بە سووتەمەنی بەردین کەمکەینەوە، وەک نەوت و گاز. هەربۆ ئەوەشە ئەمجارە، لەبەرامبەر ئەو شۆکە ئابوورییەکی بەر جیهان کەوت، ئابووری خۆمان پاراست. لێرەدا دەمەوێت جەخت لە دوو خاڵ بکەمەوە، یەکەم، وەک وتم ئێمە ستراتیژییەتی خۆمان بۆ ئابووری و وزەی پاک گۆڕی بۆ ئەوەی کەمتر کاریگەریمان لەسەر دروستبێت. دووەم، پێش ئەوە با کەمێک زیاتر روونکردنەوە لەسەر پاراستنی هاوسەنگی نێوان ئاسایش و بەرەوپێشچوون بدەم. پێمانوایە، ئەمە بۆ تەواوی ناوچەکە زۆر گرنگە. یەکەم، دەبێت سەرنجت لەسەر بەرەوپێشچوونی ئابووری و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی بێت، چونکە تەنیا بە بەرەوپێشچوونی ئابووری، تۆ توانا و سەرچاوەت دەوێت بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەیت، ئەمەش زۆر گرنگە. دووەم، دەبێت تۆ هاوسەنگی ئەوەش راگریت، کاتێک تۆ ئابوورییەکەش گەشەیکردووە، پێویستت بە گەرەنتیی ئەمنییە. بەپێچەوانەوە، ئەگەر ئاسایشت نەبێت، لە ململانێکان، هێرشی ئەلیکترۆنی و مەترسییە داراییەکان زیانت بەر دەکەوێت. بەمەش دەکرێت بەرەوپێشچوونی ئابووری لەناوبچێت و لە شەو و رۆژێک بسڕێتەوە. بەم شێوەیە،تۆ دەبێت هاوسەنگیی لەنێوان ئەم دوو خاڵە گرنگە راگریت، ئەمە وەک هەردوو باڵی باڵندەیەک وایە، بەبێ باڵێکیان، باڵندەکە نافڕێت. ئەمە بنەمایەکی زۆر گرنگە.
کوردستان24: پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێک دایە؟، بەرنامەی هەردوولا بۆ داهاتوو چییە؟
لیو جون: باشە، پێش ئەوەی بچمە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەرێمی کوردستان چین، دەمەوێت وێنە گەورەکەت نیشان بدەم. ئێستا تەواوی جیهان بە تەواوی لە سەدەی 21 دایە، ئێمە رووبەڕووی چەند ئاڵنگارییەکی هاوبەش دەبینەوە وەک، گۆڕانی کەشوهەوا، کێشەی ماددەی هۆشبەر، کێشە سیاسییەکان، وڵاتانی جیهان بڕیارە پشت بە یەکتر ببەستن، ئێمە پێویستمان بە هەماهەنگیی زیاترە نەک ململانێ. هەر بۆ ئەم مەبەستەشە سەرۆکردەکانی چین، سەرۆکمان شی جینپینگ، لەم چەند ساڵەی دوایی، چەند بیرۆکەیەکی زۆر گرنگی پێشنیاز کرد. یەکەم، پێمانوایە، تەواوی وڵاتان لە جیهان دەبێت کۆمەڵگەیەکی جیهانیی هاوبەش بۆ داهاتووییەکی هاوبەش بنیاتبنێن، ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر گرنگە. بەڵام چۆن ئەمە بەدەستدەهێنیت؟ دواتر سەرۆکمان شی جینپینگ، هەندێک دەستپێشخەریی جیهانیی پێشنیاز کردووە، دەستپێشخەریی جیهانیی سەبارەت بە ئاسایش، گەشەسەندن و شارستانیەت ساڵی رابردووش دەستپێخەریی جیهانیی سەبارەت بە حوکمڕانیی جیهانی پێشنیازکرد. ئەمانە دەستپێشخەریی زۆر گرنگن، ئامانجیان هەنگاونانە بەرەو کۆمەڵگەی جیهانی لەپێناو مرۆڤایەتی. دواتر لە لایەنی ئابووری، ئەو پڕۆژەیەکی گرنگی هەماهەنگیی ئابووری پێشنیازکردووە، ئەویش پڕۆژەی پشتێنە و رێگا. هەموو ئەمانە بیرۆکەی زۆر گرنگن و دەکرێت بەدەستبهێنرێن. با ئێستاش باس لە پەیوەندییەکانی چین و هەرێمی کوردستان بکەین. لە 10 ساڵی رابردوو، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانمان زۆر خێرا بەرەوپیشەوە چوون، بەتایبەتی ئەو کاتەی، کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری چینی میللیمان لە مانگی کانوونی یەکمی 2014، دوای ئەوە، بەهۆی ئەوەی ئێمە دامەزراوەمان لێرە هەیە، پەیوەندییەکانمان زۆر خێرا چوونە پێشەوە. هەر ساڵێک شتێکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان دەبینین. بۆنموونە کاتێک دەچیتە مارکێت لە هەموو شوێنێک بەرهەمی چینی دەبینیت، ئۆتۆمبێلی چینی و مۆبایلی چینی دەبینی. چەندین کەلوپەلی کارەبایی ناوماڵ دەبینی کە چینین، لەوانە سپلیت و بەفرگر. بەبوونی بەرهەمێکی چینی بە کوالێتییەکی باش، خەڵکی ئێرە سوودمەند دەبن. هەروەها لە چەندین پیشەسازی، کۆمپانیا چینییەکان دێن بۆ ئەوەی دەرفەتەکانی بازرگانی بدۆزنەوە و کاری تێدا بکەن، بۆ نموونە لە چەندین پیشەسازی دیاریکراو وەک چیمەنتۆ و کەرەستاکانی بیناسازی. کۆمپانیا چینییەکان کارێکی زۆر باش دەکەن لەوەی هاوبەشەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشەوە بچن و تواناکانیان نوێ بکەنەوە.
کوردستان24: پەیوەندییە بازرگانییەکانی چین و هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێک دایە ئایا لێی رازین؟
لیو جون: بەڵێ، وەک وتم، ئەم پەیوەندییانە بۆ هەردوولامان زۆر گرنگن، ئێستا لە دابینکردنی شمەک و کەلوپەل بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان تێپەڕیوین، چین هێزێکی بزوێنەری بەهێزبووە بۆ کەرتی نانەوتی هەرێمی کوردستان. وڵاتی چین بۆ وەبەرهێنان و گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان زۆر پێویست بووە. چونکە تۆ تەنیا ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی چینی نابینی، بەڵکو لەبواری کشتوکاڵ، وەبەرهێنان، پیشەسازی پاک، گۆڕانی کەوشوهەوا و هەڵمەتەکانی کەمکردنەوەی هەژاری و چەندین بواری دیکەش. ئێمە توانایەکی مەزنمان هەیە بۆ هەماهەنگی و بەرەوپێشچوونی زیاتر. ئێستا ئێمە دەبینین پیشەسازیی زیرەکیی دەستکردی چینی زۆر بەخێرایی گەشە دەکات، لەو باوەڕەدام لە داهاتوودا پێکەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە سوودوەرگرتن لە زیرەکیی دەستکرد، پیشەسازییە ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان پێشبخەین، لەم لایەنانە زیاتر دەرفەتی ئەوەی تێدایە پەرەیان پێبدرێت.
کوردستان24: کەواتە دەکرێت بزانین ژمارەی کۆمپانیا چینییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن چەندە؟ هەروەها لە چ بوارێکیش کار دەکەن؟، چەندێک خەڵکی چینیش لێرە کار دەکەن و پلان و بەرنامەتان بۆ داهاتووی کارەکان چییە؟
لیو جون: راستە، ئێستا ئەوەندەی من بزانم لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، نزیکەی سێ هەزار هاووڵاتیی چینی هەن، سەبارەت بە کۆمپانیاکانیش، زیاتر لە 50 کۆمپانیای چینیمان هەیە، کۆمپانیای حکومی هەیە، هەروەها ناحکومیش وەک هواوی، هەروەها چەندین کۆمپانیای ئۆتۆمبێلیشمان هەیە، وەک چێری، جیلی، هەڤاڵ، هۆنگچی و چەندین براندی دیکە. کۆمپانیا چینییەکان بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ئابووری هەرێمەکە، بۆ نموونە؛ ساڵی رابردوو کۆمپانیایەکی مۆبایلی چینی لەگەڵ هاوبەشانمان لە هەرێمی کوردستان کاریان کرد، بۆ ئەوەی لێرە براندێکی مۆبایلی زیرەکی چینی، دروستبکەن. ئەمە بەرەوپێشچوونی گەورەیە لە پیشەسازیی ناوخۆیی. لەو باوەڕەدام لە داهاتوودا دەتوانین زیاتر بکەین. لەوانەیە لە داهاتوودا، بتوانین لێرە لە هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێل دروست بکەین، پێموابێت لەچەندین بوار ئابوورییەکانمان تەواوکەری یەکن، ئەم پەیوەندییانەمان درێژخایەنن، تۆ پێویستت بە خێرایی و تەکنەلۆجیای چین هەیە بۆ ئەوەی شتێک دروست بکەیت، ئێمەش وڵاتێکمان پێویستە ببێتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی بارەگای خۆمانی تێدا دامەزرێنین و دەستمان بگاتە تەواوی عێراق. بەمجۆرە، پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای پێویستیی و بەرژەوەندیی هاوبەش دروستبوون.
کوردستان24: چەند سەرمایەدار و خاوەنکاری کورد لە چین کار دەکەن و لەوێش لە چ بوارێک کار دەکەن؟
لیو جون: پرسیارێکی زۆر باشە، بە دیاریکراوی ژمارەکە نازانم، نازانم چەند بازرگانی کورد لە چین کار دەکەن، دەتوانم بڵێم، بەنزیکەیی ژمارەیەکی بەرچاوی بازرگانی کورد لە چین کاردەکەن، بۆنموونە، لە شارێکی بچووکی وەک ئی یو، لە هەرێمی جۆچیان، ئی یو بەناوبانگە بەوەی بووتە ناوەندێک بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوەندەی بزانم چەند سەد بازرگانێکی کورد لەو شارە کاریان کردووە. دوکانیان کردووەتەوە، شمەک و کەلوپەلیان کڕیوە و گواستوویانەتەوە بۆ بازاڕەکانی کوردستان. ئێمە پێشانگەی کاتنۆنمان هەیە، پێشانگەیەکی بەناوبانگە، ساڵی دووجار رێکدەخرێت، لە بەهار و پاییز. کاتێک پێشانگەی کانتۆنمان دەبێت، چەندین بازرگانی ناوخۆیی دێنە نوسینگەکەمان و داوای ڤیزە دەکەن بۆ ئەوەی سەردانی ئەو پێشانگەیە بکەن. دەتوانم بڵێم جگە لەو چەند سەد بازرگانە کوردەی لە چین دەژین، ساڵانە هەزاران بازرگانی دیکەی کورد سەردانی چین دەکەن و بەشوێن دەفەتی بازرگانیدا دەگەڕێن.
کوردستان24: چ پلانێکتان هەیە وەک کونسوڵگەری چین تا ڤیزا بە ئاسانی بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بدەن تا سەردانی وڵاتەکەتان بکەن؟، ئایا ئەگەری ئەوەش هەیە گەشتی راستەوخۆی فڕۆکە لە نێوان چین و هەرێمی کوردستان دەست پێبکات؟
لیو جون: بەڵێ، ئەمە بابەتێکی گرنگە، دەزانم زۆر گرنگە، لەوانەیە هەردووکمان بزانین لە رابردوو، تێچووی داواکردنی ڤیزە زۆر بوو، لە کانوونی دووەمی 2024، کونسوڵخانەی چین خزمەتگوزاری پاسپۆرت و پێدانی ڤیزەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان کردەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە، کونسوڵخانەی چین دامەزراوەیەکی تەواو کارا بووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە راردوو تێچووی داواکردنی ڤیزە زۆر بووە. کاتێک دەستمان بەم حزمەتگوزارییەکرد بۆ خەڵکی ناوخۆ، رێگەیەکی نوێمان پەیڕەوکرد، رێڕەوە نوێیەکە هەوڵکی کەمکردنەوەی تێچوو دەدات، هەوڵدەدات پڕۆسەکە بەجۆرێک بێت خەڵکی کوردستان بتوانن تێچووەکەی دابین بکەن. لە رابردوودا ئێمە ڤیزەمان داوە، بەڵام راشکاوبم، لەم دواییە هەندێک کێشەمان لەکاتی پڕۆسەی داواکردنی ڤیزەی چین بەدی کرد، چونکە ئێستا هەندێک دامەزراوە هەن هەوڵی قۆرخکاری دەدەن، گرووپێکی بەرژەوەندیخوازن، دەیانەوێت نرخەکان بە بەرزی بهێڵنەوە. ئێمە ئەم کێشەیەمان تێبینی کردووە، بەتەواوی لە بنج و رەگوڕیشەی کێشەکە دەکۆڵینەوە و چارەسەری دەکەین. ئێمە هیواخوازین تێچووی داواکردنی ڤیزە بۆ کۆمەڵگەی کوردی و بازرگانان کەمکەینەوە، هەروەها هانی خەڵکی زیاتر دەدەین سەردانی چین بکەن و بازرگانی بکەن.
کوردستان24: کەواتە ئومێدی ئەوەش هەیە گەشتی راستەوخۆی نێوان چین و شارەکانی کوردستان دەست پێبکات؟
لیو جون: بەڵێ، ئەمە پرسیارێکی سەرنجڕاکێشە، لەڕاستیدا لە ساڵانی رابردوو، ژمارەیەکی کۆمپانیای ناوخۆیی هاتنە نوسینگەکەم باسی ئەوەیان کرد، چۆن بتوانین گەشتیی ئاسمانیی راستەوخۆ لەنێوان چین و هەرێمی کوردستان بێت، ئەوەش یەکێکە لە خۆزگەکانی ئێمە، ئەگەر گەشتی راستەوخۆ هەبێت بۆ خۆم و ستافەکەشم باش دەبێت، تاوەکو راستەوخۆ بگەڕێینەوە چین. بەڵام ئێستا کێشەکە تەنیا پێدانی ڤیزەی بازرگانی نییە بە خەڵکی کوردستان، کێشەمان ڤیزەی گەشتیارییە. بەڵام لە ساڵی رابردووەوە، لە پەکینەوە مۆڵەتێکمان پێدرا، کە لەمەودووا دەتوانین ڤیزەی گەستیاری بدەین. بەڵام لەگەڵ ئەوەش، ئەوە پڕۆسەیەکی ئاسان نییە، کاتی دەوێت. ئێمە هانی خەڵکی کوردستان دەدەین سەردانی چین بکەن، ڤیزەی گەشتیاریش دەدەین. بەڵام وەک وتم، ئێستا تێچووی ڤیزەی بازرگانی بەرزە، بەڵام بۆ ڤیزەی گەشتیاری ستراتیژیێکمان هەیە، لەگەڵ هەندێک لە دامەزراوە و کۆمپانیای گەشتیاری لە هەماهەنگیداین، بۆ ئەوەی رێگەیەکی نوێ بۆ پێدانی ڤیزەی گەشتیاری بدۆزینەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم کێشانە چارەسەر نەکراون. لە داهاتوویەکی نزیک هیواخوازم خەڵکی کوردستان ئەوانەی دەیانەوێت بچنە چین، بتوانن بە ئاسانی ڤیزە وەرگرن و تێچووی گەشتەکەش گونجاو بێت. لەکۆتاییدا، بەم شێوەیە داواکارییەکی زیاتر بۆ گەشتکردن بۆ چین دەبێت، ئەوکاتەش بەدڵنیاییەوە گەشتی راستەوخۆ دەکرێتەوە.
کوردستان24: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کۆمەڵێک پرۆژەی ستراتیژی و گرنگی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە، یەکێ لەوانە پرۆژەی رووناکییە کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، دەمەوێت بزانم تێروانینتان بۆ ئەم پرۆژەیەی سەرۆکوەزیران و پرۆژەکانی دیکەی چییە؟
لیو جون: راستە، پڕۆژەی رووناکی زۆر گرنگە، لەو باوەڕەدام رووناکی تەنیا پڕۆژەیەک نییە پەیوەست بێت بە ژێرخانەوە، بەڵکو پڕۆژەکە بۆ گوزەران و بژێوی هاووڵاتیان گرنگە، پڕۆژەیەکە لە بەرژەوەندیی گشتییە. زۆر گرنگە، چونکە کاتێک تۆ کارەبای 24 کاتژمێریت هەیە، کوالێتیی ژیانت بەرەوپێشەوە دەچێت. هەروەها پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ تەواوی کۆمەڵگەی کوردستان، هەربۆیە دەبینین ئەم پڕۆژەیە لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لێکراوە، بەتەواوی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرز دەنرخێنین، چونکە لە چەند ساڵی رابردوو، بەگوێرەی ئەزموونی خۆم پچڕانی کارەبا بۆ هەمووان سەرئێشە بوو، هیواخوازم ئەم پڕۆژەیە بەردەوام بێت. رووناکی ژینگەیەکی زۆر باشی بۆ هەمووان رەخساندووە، چونکە ئەگەر تۆ کارەبایەکی بەردەوام و بێ پچڕانت هەبێت، ئیتر پێویستت بە مۆلیدە ئەهلییەکان نابێت، بەم جۆرەش ئاسمان پاک دەبێتەوە و هەوا خاوێن دەبێتەوە، ئەوەش بۆ هەمووان باشە.
کوردستان24: دەمەوێت بزانم چ جۆرە خوارندێکی کوردیتان پێخۆشە؟، ئایا هیچ وشەیەکی کوردی فێربوونە لێرە؟
لیو جون: لەو یەکەم رۆژمەوە هاتوومەتە کوردستان، چێژی زۆرم لە خواردنە کوردییەکان وەرگرتووە، لە چەندین ئێوارەخوانیش بەشداربووم، بەتامترین خواردن لەلام کە زۆر حەزم لێیەتی دۆڵمەیە (حەزم لە دۆڵمەیە) من کەسێکی گۆشتخۆر نیم، بەڵام دۆڵمە زۆر بەتامە.
کوردستان24: هیچ وشەیەکی کوردی فێربووێت تا قسەی پێ بکەیت؟
لیو جون: با هەوڵ بدەم، زمانی کوردی ئێستا دەخوێنم بەڵام زمانی کوردی ئاسان نییە و قورسە.
کوردستان24: پەیامتان بۆ خەڵکی کوردستان چییە، چۆن خەڵکی کوردستان بتوانن سوود لە ئەزموونی وڵاتی چین وەربگرن؟
لیو جون: باشە، دڵخۆش و شەرەفمەندم، کە پەیامێکی گرنگ لەڕێگەی کوردستان24ـەوە بگەیێنمە خەڵکی کوردستان. پەیامەکەم زۆر سادە و گرنگە، لە ساڵانی رابردوو گەلی کورد ئازارێکی زۆریان چەشتووە، هاوسۆزییەکی مەزنمان هەیە، هەروەها پێزانینمان بۆ خۆڕاگریتان هەیە. لە داهاتوودا ئێمە لەو باوەڕەداین، هەروەها هیواخوازین لەگەڵتان کار بکەین، هەوڵی داهێنانی زیاتر بدەین، ئێمە هانی کارسازی دەدەین و هەوڵی رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ نەوەی نوێ دەدەین. دەمانەوێت ئەزموونی شارستانیەتمان هاوبەشی پێبکەین. لەکۆتاییشدا بە کارکردنمان پێکەوە هیواخوازین، هەرێمی کوردستان خۆشگەزەران بێت و ئاسایشی پارێزراوبێت.
کوردستان24: زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدارە لەگەڵ کوردستان24، خۆشحاڵ بووین.
لیو جون: دڵخۆش بووم، زۆر سوپاس.