ئەمریکا: هەر جۆرە پارەدانێک بە ئێران بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز سزای توندی بەدوایدا دێت

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (OFAC) هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی و دامەزراوە داراییەکان کرد، سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بۆ وەرگرتنی "سەرانە" و تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، جەختیش دەکاتەوە کە ئەم کارە پێشێلکردنی راستەوخۆی سزاکانە.

بەپێی ئاگادارییەکی فەرمی (OFAC) کە لە 1ـی ئایاری 2026 دەرچووە، حکوومەتی ئێران داوای پارەی "سەرانە" لە کەشتییە بازرگانییەکان دەکات لە بەرانبەر رێگەدان بە تێپەڕبوونی ئارام لە تەنگەی نێودەوڵەتی هورمز. ئێران چەندین رێگەی بۆ وەرگرتنی ئەم پارانە دیاری کردووە، لەوانە: دراوی کاش، دراوی دیجیتاڵی، ئاڵوگۆڕی کاڵا، یان ناچارکردنی کۆمپانیاکان بۆ بەخشینی پارە بە ناوی "کاری خێرخوازی" بۆ مانگی سووری ئێرانی یان هەژمارە بانکییەکانی باڵیۆزخانەکانی ئێران.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەنجامدانی هەر مامەڵەیەکی لەو شێوەیە لەگەڵ حکوومەتی ئێران یان سوپای پاسداران (IRGC) قەدەغەیە. بۆ کەسانی ئەمریکی، ئەمە پێشێلکارییەکی راستەوخۆیە، و بۆ کەسانی بیانی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیش، مەترسی "سزای لاوەکی" لەسەرە، کە دەبێتە هۆی بڕینی پێراگەیشتنیان بە سیستەمی دارایی ئەمریکا. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە کەرتی نەوت و پێترۆکیمیایی ئێران بە ئامانجی سەرەکی ئەم سزایانە دەمێننەوە.

لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە هەموو ئەو کەشتیانەی دەچنە ناو کەناراوەکانی ئێران یان لێی دەردەچن، لەژێر چاودێری و "گەمارۆی دەریایی" فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکادان (CENTCOM). جەختکراوەتەوە کە مۆڵەتەکانی (OFAC) شوێنی بڕیار و دەسەڵاتەکانی سوپای ئەمریکا ناگرنەوە لە ناوچەکەدا.

ئۆفیسی (OFAC) داوا لە دابینکەرانی خزمەتگوزاری دەریایی دەکات ڕێکاری زۆر توند بگرنە بەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کەشتییەکان تێوەنەگلاون لە هیچ چالاکییەک کە پارە بۆ ئێران دابین بکات. داواکراوە کە پلانی گەشتەکان و وردەکاری تێپەڕبوون لە ئاوە هەرێمییەکانی ئێران بە وردی لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت و پرسیار لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت سەبارەت بەوەی ئایا هیچ بڕە پارەیەک وەک "سەرانە" دراوە یان نا، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان خۆیان لە سزای مەدەنی و تاوانکاری بپارێزن.