ئیسرائیل گرێبەستێکی ملیار دۆلاری بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ دەکات
حکوومەتی ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر گرێبەستێکی گەورە و ملیار دۆلاری بۆ کڕینی دوو فەوجی فڕۆکەی جەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربڕی، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی "باڵادەستیی ئاسمانی" ئەو وڵاتە بۆ چەندین دەیەی داهاتوو.
رۆژی یەکشەممە 3ی نیسانی 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، گرێبەستەکە کڕینی فەوجێکی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی (F-35) لە کۆمپانیای لۆکهید مارتن و فەوجێکی دیکەی فڕۆکەی جەنگی (F-15IA) لە کۆمپانیای بۆینگ لەخۆدەگرێت.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد؛ ئەم پلانە بۆ دابینکردنی باڵادەستیی ئاسمانیی ئیسرائیلە بۆ چەندین دەیەی داهاتوو. گوتیشی: "کڕینی فڕۆکەکانی F-35 و F-15IA بەشێکی سەرەکین لە پلانی (قەڵغانی ئیسرائیل)، کە بۆ ئەوە داڕێژراوە سوپای وڵاتەکەمان هەمیشە لە پێشەنگدا بێت و توانای هەبێت لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات."
فڕۆکەی جەنگی F-35 کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەتی، یەکێکە لە پێشکەوتووترین فڕۆکە جەنگییەکانی جیهان و ئیسرائیل پێشتریش چەندین دانە لەو جۆرە فڕۆکەیەی کڕیوە و لە کاردایە.
هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە جەنگی غەززە و ئەنجامدانی یەکێک لە چڕترین هێرشە ئاسمانییەکان لە مێژوودا، کە هەزاران هێرشیان کردە سەر بنکەکانی حەماس و ژێرخانە جیاوازەکانی ئەو ناوچەیە.
هاوکات لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، ئیسرائیل چووەتە ناو دوو جەنگەوە لەگەڵ ئێران، کە تێیاندا هێزی ئاسمانیی بۆ هێرشی دوورمەودا لەناو قوڵایی خاکیی ئێراندا بەکارهێناوە. بەرپرسانی ئیسرائیل ئەو هێرشانە بە "دروست و ورد" ناودەبەن کە ئامانجیان پەکخستنی توانای ستراتیژیی ئێران بووە.
ئیسرائیل بەمدواییانە بودجەی ساڵی 2026ـی پەسەند کرد، کە زیادکردنی چەندین ملیار دۆلاری بۆ خەرجییە سەربازییەکان لەخۆگرتووە. خەرجییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لەوەتەی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە بە شێوەیەکی بەردەوام رووی لە زیادبوون کردووە.
جگە لە جەنگی چەند هەفتەی رابردووی لەگەڵ ئێران کە بە هاوکاری ئەمریکا ئەنجامی دا، ئیسرائیل تاوەکو ئێستاش لە باشووری لوبنان لە شەڕێکی بەردەوامدایە لە دژی گرووپی حزبوڵڵای سەر بە ئێران.