حزبوڵڵا بە درۆنێکی نوێ ئیسرائیلی هەراسان کردووە

درۆنێکی حزبوڵڵای لوبنانی (ئەرشیف)
درۆنێکی حزبوڵڵای لوبنانی (ئەرشیف)

جۆرە درۆنێکی نوێی حزبوڵڵای لوبنانی، بووەتە چەکێکی کوشندە و ئیسرائیل ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات.

تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمریکی لە زاری شارەزایانی ئیسرائیلییەوە گواستوویەتیەوە، درۆنە چوار پەروانەییەکانی حزبوڵڵای لوبنانی کە بە تەکنەلۆژیای فایبەر ئۆپتیک (کێبڵی تیشکی) کار دەکەن. بوونەتە چەکێکی کوشندە بۆ هێزەکانی ئیسرائیل، چونکە دەستنیشانکردن و راگرتنیان زۆر ئەستەمە.

درۆنەکە وێنەیەکی زۆر روون و ورد دەداتە بەکارهێنەرەکەی بەبێ ئەوەی هیچ شەپۆلێکی رادیۆیی بتوانێت رایبگرێت و تێکی بشکێنێت، هەروەها دۆزینەوەی شوێنی هەڵدانی درۆنەکەش ئەستەمە.

سی ئێن ئێن ئەوەشی بڵاو کردووەتەوە، درۆنەکان بەوە ناسراون کە زۆر کاریگەرن، چونکە لەبری شەپۆلی بێتەل بۆ کۆنترۆڵکردن، کێبڵێکی فایبەر ئۆپتیک راستەوخۆ درۆنەکە بە بەکارهێنەرەکەیەوە دەبەستێتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، کێبڵە تیشکییەکە دەکرێت بۆ دووری 15 کیلۆمەتر یان زیاتر درێژ ببێتەوە، ئەمەش رێگە بە بەکارهێنەری درۆنەکە دەدات لە مەودایەکی پارێزراودا بمێنێتەوە. راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە روو، جگە لە بەربەستی فیزیکیی وەک تۆڕی ئاسنین، رێگەیەکی ئەوتۆ نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە درۆنانە.

سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە تۆڕە ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، حزبوڵڵای لوبنانی هەر درۆنێک بە نارنجۆکێک یان تەقەمەنییەک پڕ دەکات، ئەنجامەکەش دەبێتە چەکێکی زۆر ورد تا رادەیەک نابینرێت، ئەمەش هێزە لوبنانییەکە دەستکراوە دەکات بۆ هێرشی ورد دژی هێزەکانی ئیسرائیل.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، سوپای ئیسرائیل لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی کار دەکات بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی باشتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی درۆنە کێبڵییەکانی حزبوڵڵای لوبنانی، بەڵام مەترسییەکە هێشتا بەردەوامە و چارەسەر نەکراوە.