ئێران داوا لە ئەمریکا دەکات واز لە داواکارییە "زێدەڕۆییەکانی" بهێنێت
باڵیۆزی ئێران لە پاکستان رایگەیاند، پلانێکی نوێیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رادەستی ئیسلام ئاباد کردووە بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە دەست ئەمریکا، لە بەرانبەریشدا سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە پلانەکە مایەی قبووڵکردن نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 03ی ئایاری 2026، رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی ئێران لە پاکستان رایگەیاند، تاران پلانێکی نوێی بۆ کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ رادەستی پاکستان کردووە بۆ ئەوەی وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی بیگەیەنێتە دەست ئەمریکا.
باڵیۆزی ئێران جەختی لەوە کردەوە، تاران لە هەڵوێستەکانیدا روونە و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە، ئەگەر واشنتۆن بەڕاستی دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکات، پێویستە رەفتارەکانی خۆی بگۆڕێت و واز لە داواکارییە زۆر و زێدەڕۆییەکانی بهێنێت.
لە بەرانبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پلانە 14 خاڵییەکەی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رایگەیاندووە، بەم زووانە پێداچوونەوە بە پلانەکەدا دەکات، بەڵام پێی وا نییە جێگەی قبووڵکردن بێت، چونکە بە گوتەی ئەو، ئێران هێشتا باجی تەواوی ئەو کارانەی نەداوە لە 47 ساڵی رابردوودا بەرانبەر بە مرۆڤایەتی کردوویەتی.
لەسەر ئاستی دووقۆڵی، رەزا ئەمیری موقەدەم ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو وڵات لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پاکستان دەیەوێت بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست، خاکی ئێران و دەروازە سنوورییەکانی وەک میرجاوە و ریمدان وەک باشترین بژاردەی ترانزێت بەکار بهێنێت.