وەزارەتی ناوخۆ: مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە قەدەخەیە
ئەمڕۆ یەکشممە 3ـی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: "لەبەر رۆشنایی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، وە بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی کە ماف و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان بپارێزێت؛ لەبەرئەوەی هیچ کۆمپانیایەک لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک (USDT) و بازرگانیی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ مۆڵەتی فەرمیی نییە.
بەگوێرەی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان، هەموو جۆرە مامەڵەیەک لەم بوارانەدا قەدەخەیە، بۆیە هەر کەس و گرووپێک لەژێر ناوی کۆمپانیادا لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لەم جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە و هەر کەسێک مافێکی لای ئەو لایەنانە هەیە کە پێشتر ئەم کارانەیان کردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.