ناتانیاهۆ: ئامادەین هێرش بکەینەوە سەر ئێران
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، باڵادەستیی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی وایکردووە ئیسرائیل توانای هەبێت لە کاتی پێویستدا بگاتە هەر شوێنێکی خاکی ئێران.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە ئیسرائیل هەمیشە لە دوژمنەکانی بەهێزتر بێت، دەشڵێت، "بۆ بەهێزترکردنی تواناکانمان، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی جۆری F-35 و F-15 دەکڕین."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم فڕۆکانە باڵادەستیی ئیسرائیل لە ئاسماندا دەچەسپێنن، گوتیشی: "فڕۆکەوانەکانمان لێهاتوون و لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بگەنە هەر خاڵێکی ئاسمانی ئێران."
سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر فەرمانی کردووە بە دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە و گوتی: "پەرە بە فڕۆکەی پێشەنگ دەدەین کە بەرهەمی کۆمپانیای (شین و سپی)یە و ئەمەش هاوکێشەکان بەتەواوی دەگۆڕێت."
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، ناتانیاهۆ باسی لە ستراتیژی نوێی وڵاتەکەی کرد بۆ پشتبەستن بە پیشەسازیی ناوخۆیی و دەڵیت، "فەرمانم کردووە وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی چەک لە ناوخۆی ئیسرائیلدا بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بڕی 350 ملیار شیکڵ (نزیکەی 119 ملیار دۆلار) بۆ بودجەی بەرگری زیاد دەکەین، تاوەکو چیتر بۆ دابینکردنی چەک پشت بە وڵاتانی دەرەوە نەبەستین."
ئیسرائیل بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا لە ماوەی یەکساڵدا، دووجار چوونەتە جەنگی هاوبەش دژ بە ئێران، یەکەمیان جەنگی 12 رۆژی حوزەیرانی 2025 بوو، جەنگیی دووەمیش لە 28ی شوباتی ئەمساڵ تا 8ی نیسان بەردەوام بوو، بە بەهۆیەوە عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، عەلی لاریجانی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، عەزیز نەسیرزادە و ژمارەیەکی دیکە لە سەرکردە سیاسییەکان و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران.