ئەڵمانیا داوای دەستبەجێ کردنەوەی گەرووی هورمز دەکات
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا دوایین پەرەسەندنە ناوچەییەکانیان تاوتوێ کرد. لە کاتێکدا ئەڵمانیا جەخت لەسەر هەڵوێستی هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا دەکاتەوە، تاران باس لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەوەی کە بە جەنگی سەپێندراو ناوی دەبات.
یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرای کرد لە لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام داوە.
بەگوێرەی پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی پشتگیری لە چارەسەرێکی ئاشتییانە و دانوستان دەکات، ئاماژەی بەوەش کردووە، وەک هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا، هەمان ئامانجی واشنتۆنیان هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە دەبێت ئێران بە تەواوی و بە شێوەیەکی سەلمێندراو دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی ببێت.
هەروەها ئەڵمانیا داوای کردووە کە ئێران دەستبەجێ گەرووی هورمز ئازاد بکاتەوە، کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ داواکارییەکانی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێگەی کەناڵی فەرمی خۆی لە تێلێگرام، وردەکاری پەیوەندییەکەی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە داوە، دیدگای تاران و دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانی ئێرانی بۆ هاوتا ئەڵمانییەکەی روونکردووەتەوە.
عێراقچی جەختی لەوە کردووەتەوە تاران بە چالاکی هەوڵ دەدات کۆتایی بەو "جەنگە سەپێندراوە" بهێنێت کە لەلایەن "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا" و ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێکردووە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە گەرووی هورمز گەیشتوونەتە لووتکە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بەردەوامن، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لە نێوان گوتاری هەردوولادا دەبینرێت؛ ئەڵمانیا جەخت لەسەر مەرجە سەربازی و ئەتۆمییەکان دەکاتەوە و ئێران خۆی وەک قوربانی جەنگێکی سەپێندراو نیشان دەدات.