سکۆت بێسێنت: بەهۆی گەمارۆیە دەریاییەکان، تاران ناتوانێت مووچەی سەربازەکانی بدات

وەزیری خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "رقی ئابووری"دا، واشنتن توانیویەتی سەرچاوە داراییەکانی ئێران وشک بکات و دەست بەسەر سەروەت و سامانە دزراوەکانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی وڵات بگرێت؛ گوتیشی بەهۆی گەمارۆیە دەریاییەکان، تاران ناتوانێت مووچەی سەربازەکانی بدات

یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ساڵێک لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی "زۆرترین فشار" ئێستا سێ هەفتەیە ئیدارەی ترەمپ دەستی کردووە بە قۆناغی "رقی ئابووری" (Economic Fury). بێسێنت گوتی: "ئێمە بۆ ماوەی 12 مانگ وەک ماراسۆن رامانکرد، بەڵام ئێستا بە خێراییەکی زۆر بەرەو هێڵی کۆتایی هەنگاو دەنێین بۆ خنکاندنی ئێران."

بێسێنت جەختی کردەوە، هێزی دەریایی ئەمریکا بە تەواوی رێگەی لە گواستنەوەی نەوتی ئێران گرتووە و هیچ کەشتییەک ناتوانێت تێپەڕێت. گوتیشی: هەموو بەشەکانی حکوومەتی ئەمریکا پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە گەیشتنی هەر بڕە پارەیەک بە تاران و سوپای پاسداران (IRGC) بکەن، بە جۆرێک کە ئێستا وڵاتەکە توانای دابینکردنی مووچەی سەربازەکانی نەماوە.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سوپای پاسدارانی بە "دامەزراوەیەکی گەندەڵ" وەسف کرد کە بۆ ماوەی چەندین دەیەیە خەریکی دزینی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانن. ئاشکرایشی کرد، ئەمریکا توانیویەتی شوێنی ئەو پارانە لە دەرەوەی وڵات بدۆزێتەوە کە حەشار دراون و دەستیان بەسەردا بگرێت، بە ئامانجی ئەوەی لە دوای کۆتاییهاتنی ململانێکان ئەو سەروەتە بۆ گەلی ئێران بپارێزرێت.

بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد وڵاتانی کەنداو، کە پێشتر هەندێک نەرمییان بەرانبەر ئێران هەبوو، ئێستا دوای ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، بە تەواوی هاوکاری ئەمریکا دەکەن و زانیاری وردیان لەسەر هەژمارە بانکییەکانی ئێران داوە بە واشنتن بۆ ئەوەی بلۆک بکرێن.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، بێسێنت ئاماژەی بە بڕیاری ئیمارات کرد بۆ کشانەوە لە رێکخراوی ئۆپیک (OPEC) و گەشبینی خۆی دەربڕی کە دوای کۆتاییهاتنی ئەم قەیرانە، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.

ئەم لێدوانانەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە واشنتن گوشارە سەربازی و ئابوورییەکانی بۆ سەر تاران گەیاندووەتە لووتکە.