ترەمپ: پێشنیازە نوێیەکەی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ قبووڵکراو نییە

 سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی پێشنیازە نوێیەکەی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و چارەکردنی دۆسیەی ئەتۆمی رەت کردەوە. هاوکات بەرگریی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و داوای کرد لێخۆشبوونی بۆ دەربکرێت تاوەکوو بە تەواوی سەرنجی لەسەر بەڕێوەبردنی جەنگەکە بێت.

یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە لێدوانێکدا بۆ دەستەی پەخشی ئیسرائیل، رایگەیاند: "پێداچوونەوەم بۆ پێشنیازە نوێیەکەی ئێران تایبەت بە راگرتنی جەنگ و دۆسیەی ئەتۆمی کردووە، ئەو پێشنیازە قبووڵکراو نییە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی مەیدانیی ناوچەکە کرد و گوتی: "جەنگەکە بە شێوەیەکی نایاب بەڕێوە دەچێت."

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی ئیسرائیلیش گوتی: "پێویستە لێخۆشبوون بۆ ناتانیاهۆ دەربکرێت، چونکە ئیسرائیل پێویستی بە سەرۆکوەزیرانێکە کە تەواوی سەرنجی لەسەر جەنگەکە بێت، نەک سەرقاڵی پرسە بێبایەخەکان بێت."

لای خۆیەوە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تایبەت بە کەناڵی "سی ئێن ئێن"ـی راگەیاند: ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدایە. ویتکۆف هیچ وردەکارییەکی لە بارەی گفتوگۆکان نەخستە روو.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ماڵپەڕی (ئینتیخاب)ـی ئێرانی، وردەکاریی پێشنیازێکی رێککەوتنی ئاشکرا کرد کە لە لایەن تارانەوە گەڵاڵە کراوە.

پێشنیازەکە لە سێ قۆناغی سەرەکی پێک دێت، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵکشانی گرژییە هەرێمایەتییەکان و یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ئەتۆمی.

لە راپۆرتەکەی ماڵپەڕە ئێرانییەکەدا هاتووە کە، قۆناغی یەکەم تیشک دەخاتە سەر گۆڕینی ئاگربەست بۆ کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بە جەنگ لە ماوەیەکدا کە لە 30 رۆژ کەمتر نەبێت. هەروەها کردنەوەی گەرووی هورمز بە شێوەیەکی کاتی، هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ئاوەکانی ئێران.

سەبارەت بە قۆناغی دووەم، دەستپێشخەرییەکە پێشنیازی راگرتنی تەواوەتیی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات بۆ ماوەیەک کە دەگاتە 15 ساڵ، بە مەرجێک دوای ئەو ماوەیە، پیتاندن بە رێژەی 3.6% دەست پێبکاتەوە.

هاوکات ئێران مەرجی هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی ئەتۆمیی وڵاتەکەی بە تەواوی رەت دەکاتەوە و تەنیا ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر چارەنووسی پاشەکەوتی یۆرانیۆمەکەی بکات.

لە قۆناغی سێیەم و کۆتاییشدا، رێککەوتنەکە پێشنیازی دەستپێکردنی دیالۆگێکی ستراتیژی و قووڵ دەکات لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و هەرێمایەتی، کە ئامانج لێی بونیادنانی سیستەمێکی ئەمنیی گشتگیرە کە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە و ئاسایشی ناوچەکە دەستەبەر بکات.

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "لایەنی ئەمریکی بۆچوون و تێبینییەکانی خۆیان سەبارەت بە پێشنیازەکەمان لە رێگەی لایەنی پاکستانییەوە پێ گەیاندووین؛ ئێمەش ئێستا تاوتوێی دەکەین و لە کاتی گونجاودا وەڵاممان دەبێت."

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە روونی جەختی لەوە کردەوە، "لەم قۆناغەدا بە هیچ شێوەیەک هیچ دانوستانێکی ئەتۆمی لە ئارادا نییە و ئەنجام نادرێت."