سوید کەشتییەکی نەوتهەڵگری سووریای لە دەریای باڵتیک دەستبەسەر کرد

وێنەی کەشتییە سوورییەکە
وێنەی کەشتییە سوورییەکە

پاسەوانی کەناراوەکانی سوید رایگەیاند؛ کەشتییەکی نەوتهەڵگریان لە دەریای باڵتیک دەستبەسەر کردووە، بەهۆی گومانی هەڵکردنی "ئاڵای ساختە" و بوونی ناوی کەشتییەکە لە لیستی سزاکانی نێودەوڵەتیدا.

هێزەکانی پاسەوانی کەناراو و پۆلیسی سوید چوونەتە سەر ناو کەشتیی "جین هوی" (Jin Hui) کە ئاڵای سووریای لەسەر بووە، ئەمەش لە کاتێکدا کەشتییەکە لە ئاوە هەرێمییەکانی سوید بووە لە باشووری ناوچەی "ترلبورگ". دەسەڵاتدارانی سوید لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتاییان دەستپێکردووە سەبارەت بە نەبوونی مەرجە یاسایی و تەکنیکییەکان بۆ گەشتکردن لەو کەشتییەدا.

پاسەوانی کەناراوەکان ئاماژەی بەوە کردووە، شوێنی مەبەستی کەشتییەکە نادیارە. جگە لەوەش، گومان دەکرێت ئەم کەشتییە لە لیستی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیادا بێت. لە بەیاننامەیەکدا هاتووە: "پاسەوانی کەناراوەکان گومانی هەیە کە کەشتییەکە ئاڵایەکی ساختەی بەکار هێنابێت."

لەلایەکی دیکەوە، کارل ئۆسکار بۆلین، وەزیری بەرگریی شارستانیی سوید، لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، گومان هەیە ئەم کەشتییە بەشێک بێت لەوەی پێی دەوترێت "کەشتیگەلی سێبەر"ی رووسیا (Shadow Fleet).

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پێشتر رایگەیاندبوو؛ چەمکی "کەشتیگەلی سێبەر" تەنیا داهێنراوێکی یەکێتی ئەوروپایە و لە راستیدا شتێکی وەها بوونی نییە. ڤازێلی نیبینزیا، نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رەخنەی لە هەنگاوەکانی وڵاتانی ئەوروپا گرت بۆ راگرتنی زۆرەملێی کەشتییە مەدەنییەکان و ئەو کارەی بە "پێشێلکارییەکی زەقی ئازادیی دەریاوانی" ناوبرد.