نێوەندگیریی پاکستان و دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا لە گەرووی هورمز
وەزیری دەرەوەی پاکستان و وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەختیان لەسەر گرنگی دیالۆگ و دیپلۆماسی بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا کردەوە و تاران ستایشی هەوڵەکانی ئیسلام ئاباد بۆ نێوەندگیری دەکات.
رۆژی دووشەممە 4ی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامدا. لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا بە وردی باسیان لە بارودۆخی ناوچەکە و هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی پاکستان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری کرد.
هەر لەو پەیوەندییەدا، محەمەد ئیسحاق دار جەختی لە پابەندبوونی بەردەوامی پاکستان کردەوە بۆ هاندانی پەیوەندییە بونیادنەرەکان و راشیگەیاند: "دیالۆگ و دیپلۆماسی تەنیا رێگەی گونجاون بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی لە ناوچەکە و جیهاندا."
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان هەردوو وەزیری دەرەوەی ئێران و پاکستان لە کاتێکدایە دوێنێ ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا وەڵامی پێشنیازەکانی ئێرانی داوەتەوە و بۆچوونەکانی خۆی لە رێگەی پاکستانەوە ناردووە، بەڵام گوتی: "تا ئێستا ئەو وەڵامانە بە فەرمی نەگەیشتوونەتە دەست تاران."
هەروەها لەلایەکی دیکەوە (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، دەستیکردووە بە پشتگیریکردنی "پڕۆژەی ئازادی" کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی ئازادی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانە لە گەرووی هورمز. راشیگەیاندووە؛ ئەم ئەرکە پشتگیری ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەکات کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی ئازاد لەم رێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگە تێپەڕن.