بانکی ناوەندی ئەمریکا: درێژبوونەوەی جەنگی ئێران مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئابووری جیهان

نێڵ کاشکاری، سەرۆکی بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا، هۆشداری دا لەوەی کە هەرچەندە جەنگی سەر ئێران درێژە بکێشێت، مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵئاوسان و زیانە ئابوورییەکان زیاتر دەبن.

کاشکاری لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (Face the Nation) کە لە کەناڵی (CBS)ی ئەمریکی پەخش دەکرێت، رایگەیاند، "من بە وردی سەرنجم لەسەر جەنگی ئێران و لێکەوتەکانیەتی"، ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بەردەوامیی جەنگەکەوە، نرخەکانی وزە و پەینە کیمیاییەکان بەردەوامن لە بەرزبوونەوە.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمەڵەی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی بڵاویکردەوە، تێکڕای نرخی گالۆنێک بەنزینی نۆرماڵ لە ئەمریکا گەیشتووەتە 4.446 دۆلار، ئەمە لە کاتێکدایە پێش هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران، نرخی هەر گاڵۆنێک تەنها 2.99 دۆلار بووە.

بەپێی داتا فەرمییەکان، نرخەکانی ئێستا بە رێژەی نزیکەی %49 زیادیان کردووە و لە چەند هەفتەی رابردووشدا بەرزبوونەوەکە بەردەوامی هەبووە.

کۆمەڵەکە هۆکاری ئەم گرانبوونە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو و نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابینکردنی وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا گەڕاندەوە، ئاماژەی بەوەشدا، گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییەکی راستەوخۆیان لەسەر جووڵەی کەشتیوانی و بازاڕەکانی وزە دروست کردووە.

لەو کاتەی جەنگی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و گەرووی هورمز بە رووی کەشتییەبازتگانییەکان داخراوە، نرخی سووتەمەنی و گاز لە ئەوروپا و ئەمریکا بەرزبووەتەوە، هاوکات کاریگەرییەکی نەرێنیشی کردووەتە سەر بازاڕی جیهانی  و هەڵاوسانی بەرزکردووەتەوە.