رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 32%ـی تێپەڕاند
رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 32%ـی تێپەڕاند و ئابووریناسە سەربەخۆکانی ئەو وڵاتە گومانیان لە ئامارە فەرمییەکان هەیە.
دەستەی ئاماری تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی نیسان رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بۆ %32.37 بەرزبووەتەوە، بەراورد بە مانگی ئادار کە %30.9 بوو، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ئەمە لە کاتێکدایە، ناوەندە ئابوورییەکان پێشبینییان دەکرد رێژەکە بەرزبوونەوەیەکی سنووردار بەخۆیەوە ببینێت و لە 31% جێگیر بێت، بەڵام ئامارەکان هەموو پێشبینییەکانی تێپەڕاندووە.
دەستەکە ئاماژە بەوە کردووە، لە یەک مانگدا نرخەکان بە 4.18% بەرزبوونەتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەم فشارە داراییە، بۆ گرانبوونی کەرتی نیشتەجێبوون و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، کارەبا، ئاو و گاز دەگەڕێتەوە کە کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر تێچووی ژیانی رۆژانەی خێزانەکان دروست دەکەن.
وێڕای بڵاوکردنەوەی ئامارە فەرمییەکان، ئابووریناسە سەربەخۆکانی گرووپی توێژینەوەی هەڵاوسان "ئیناگ" گومانیان لە راستی داتاکان هەیە. ئیناگ رایگەیاندووە، ئامارە فەرمییەکان راستی دۆخەکە وێنا ناکەن، دەڵێن: "هەڵاوسانی راستەقینە لە تورکیا گەیشتووە 55.38%."
داتاکان دەریدەخەن، تورکیا لە ساڵی 2019وە گیرۆدەی هەڵاوسانی بەرزە و لە چوار ساڵی رابردوودا هەمیشە لە سەروو %30 ماوەتەوە. جێی ئاماژەیە، هەڵاوسان لە مانگی ئایاری 2024 گەیشتە لوتکە و ئاستی 75%ـی تۆمار کرد، هەرچەندە دواتر هەوڵدرا نرخەکان کۆنترۆڵ بکرێن و بەرزبوونەوەی نرخەکان سنووردار بکرێت، بەڵام هێشتا بازاڕەکانی تورکیا لەژێر فشاری گرانبوونی بەردەوامدان.