براد کووپەر: شەش بەلەمی جەنگی ئێرانمان لە نێوبردن

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان بە توندی وەڵامی هێرشەکانی ئێرانیان داوەتەوە و توانیویانە شەش بەلەمی جەنگیی ئەو وڵاتە لەناو ببەن، هاوکات رێڕەوێکی کاریگەر بۆ دەرچوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز کراوەتەوە.

دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، لە لێدوانێکدا دوایین پێشهاتە مەیدانییەکانی گەرووی هورمزی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان کردووە و رێڕەوێکیان بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان کردووەتەوە.

بەگوێرەی گوتەکانی ئەدمیراڵ کووپەر، لە 12 کاتژمێری رابردوودا هێزەکانی ئێران هەوڵیان داوە دەستوەردان لە هاتوچۆی دەریایی بکەن و هێرشبکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان ، بەڵام "هێزەکانی ئەمریکا بە توندی وەڵامی هێرشەکانیانی ئێرانیان داوەتەوە." لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا، ئەمریکا توانیویەتی شەش بەلەمی بچووکی ئێرانی کە خەریکی تێکدانی هاتوچۆی کەشتییەکان بوون، بە تەواوی لەناو ببات.

کووپەر ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان چیتر تەنیا "کەژاوەی سەربازی" (Escort) بۆ پاراستنی کەشتییەکان بەکارناهێنن، بەڵکو سیستەمێکی بەرگریی فرە رەهەندییان جێگیر کردووە کە پێکدێت لە:کەشتییە جەنگییەکان و هێلیکۆپتەر، فڕۆکەی جەنگی و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە (AWACS) و جەنگی ئەلیکترۆنی بۆ پەکخستنی هێرشەکان.

ئەم ستراتیژییە نوێیە بووەتە هۆی ئەوەی رێڕەوێکی کاریگەر بۆ دەرچوونی کەشتییەکان لە گەرووەکە بکرێتەوە، هەرچەندە هۆشداری ئەوەشی دا کە هێشتا مەترسی "مینە دەریاییەکان" ماوە.

فەرماندەکەی سێنتکۆم هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی هێزەکانی ئێران کرد و گوتی: "بە توندی ئامۆژگاری هێزە ئێرانییەکان دەکەین کە لە بنکە و کەلوپەلە سەربازییەکانی ئەمریکا دوور بکەونەوە." دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داوە هەر دەستوەردانێک بە هێزێکی زۆر وەڵام بدرێتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئێران بە مووشەکی "کرووز" کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکانی ئەمریکای کردووەتە ئامانج، بەڵام گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران "ئەنجامەکانی لە چاوەڕوانییەکان زیاتر بووە."

کووپەر جەختی کردەوە، ئێستا سەرنجیان لەسەر هێنانە دەرەوەی کەشتییەکانە لە گەرووەکە و لە قۆناغی داهاتوودا کار دەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی چوونە ناوەوەی کەشتییەکان بۆ ناو گەرووی هورمز.

لە لایەکی ترەوە، هاوکات لەگەڵ ئەم پێکدادانە دەریاییانە، سوپای ئیسرائیل خراوەتە حاڵەتی "ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر کاردانەوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە ناوچەکەدا.

هاوکات لەگەڵ گرژییەکانی گەرووی هورمز، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، هێزە ئاسمانی وڵاتەکەی توانیویانە ژمارەیەک مووشەک و درۆنی ئێران بخەنە خوارەوە، هەروەها میدتاکانی ئەو وڵاتە بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئێران سێ کەس بریندرابوونە.