قایمقامی مەخموور: جارێکی دیکە رێگری لە کاسبکارانی شارەکە دەکرێت

جارێکی دیکە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بازگەی مەخموور (بازاڕگە) ڕێگری لە بردنی کەلوپەل، خۆراک و پێداویستییەکانی ژیان بۆ ناو قەزاکە دەکەن، ئەمەش بازاڕەکانی شارەکەی تووشی گرفت کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور بە کوردستان24ـی رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بازگەی مەخموور رێگری لە کاسبکاران دەکەن و ناهێڵن هیچ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە سەوزە، میوە و کەلوپەلی خۆراکی تێدابێت، بچێتە ناو مەخموورەوە.
قایمقامی مەخموور ئاماژەی بەوە دا، ئەمە یەکەمجار نییە ئەم رێگرییانە دەکرێن و پێشتر چەندین جار بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئیداری و ئەمنییەکانی مووسڵ کێشەکە چارەسەر کراوە، بەڵام وەک ئەو دەڵێت، "هەر کاتێک تیمی پاسەوانی و سەربازی لە بازگەکە دەگۆڕدرێن، جارێکی دیکە هەمان سیاسەتی ڕێگری لە کاسبکاران دەگرنە بەر."

رزگار محەممەد گوتیشی، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری ئەم هەڵوێستەی ئەمڕۆی بازگەکەن و هەر زوو پەیوەندی بە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کراوە بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە بە یەکجاری کۆتایی پێ بهێنرێت."

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، "دەزانین ناحەقی بەرامبەر کاسبکاران و خەڵکی مەخموور دەکرێت، داوایان لێ دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن تاوەکو بەیانی کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام دەدەین، بەو هیوایەی چیتر ئەم کێشەیە دووبارە نەبێتەوە."