ئینستاگرام ( کۆپی رایت ) رادەگەیەنێت و سزای سەرپێچیکاران دەدات
تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڕیاریدا رێکارەکانی بۆ پاراستنی مافی بڵاوکردنەوەرەسەنایەتی (Originality) فراوانتر بکات، بە ئامانجی سنووردارکردنی ئەو ئەکاونتانەی کە وێنە و ڤیدیۆی خەڵکی تر دەدزن و وەک هی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە.
دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، بەپێی یاسا نوێیەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، ئەو ئەکاونتانەی کە زۆربەی کات ناوەڕۆکی دزراو یان بێ سوود بڵاودەکەنەوە، چیتر پۆستەکانیان ناچێتە بەشی پێشنیارەکان و "Explore". ئەمەش بەو مانایەیە کە گەیشتنی پۆستەکانیان بۆ بینەری نوێ بە تەواوی سنووردار دەکرێت و گەشەی ئەکاونتەکەیان دەوەستێت.
پێشتر ئەم یاسایانە تەنها گرتە ڤیدیۆییەکانی "ریڵز"یان دەگرتەوە، بەڵام ئێستا پۆستە ئاساییەکان و وێنە جۆراوجۆرەکانیش دەگرێتەوە، ئینستاگرام جەختی کردووەتەوە، تەنها دانانی چوارچێوە بۆ وێنەکە یان ئاماژەدان بە ناوی خاوەنە ئەسڵییەکەی لە کۆمێنتدا، بەس نییە بۆ رزگاربوون لە سزا، مەگەر ئەوەی گۆڕانکارییەکی هونەری و داهێنەرانەی تێدا کرابێت.
چۆن ئەو ئەکاونتانەی سزادراون دەتوانن سزاکە لابدەن؟
ئینستاگرام دەرفەت دەداتە ئەو ئەکاونتانەی سزادراون، ئەگەر بۆ ماوەی 30 رۆژی یەک لە دوای یەک، زۆربەی پۆستە نوێیەکانیان رەسەن و بەرهەمی خۆیان بێت، ئەوا سزاكەیان لەسەر لادەبرێت و دەگەڕێتەوە ناو لیستی پێشنیارەکان .
تایبەتمەندیی نوێ و بەشداریکردنی بە پارە:
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، ئینستاگرام چەند تایبەتمەندییەکی نوێ تاقی دەکاتەوە، لەوانە:
بینینی شوێنی هاوڕێیان: لەسەر نەخشەی تایبەتی ئینستاگرام.
ئابوونەی مانگانە: تاقیکردنەوەی سیستەمێکی نوێ بە بڕی 1 بۆ 2 دۆلاری مانگانە، کە رێگە بە بەکارهێنەر دەدات بزانیت کێ چەندین جار ستۆرییەکەی بینیوەتەوە، یان بینینی ستۆری بەبێ ئەوەی ناوی لای بەرانبەر دەربکەوێت.
درێژکردنەوەی کاتی ستۆری: بۆ ماوەیەکی زیاتر لە 24 کاتژمێر.
ئەم یاسا نوێیانەی ئینستاگرام تەنها کاریگەرییان لەسەر پێشنیارەکان دەبێت و نابێتە هۆی گۆڕانکاری لەو پۆستانەی کە لە لاپەڕەی سەرەکی (Feed) دەردەکەون بۆ ئەو کەسانەی پێشتر فۆڵۆوی ئەکاونتەکەیان کردووە.