گرووپی حەنزەلە، زانیاری 400 ئەفسەری پلەباڵای هێزی دەریایی ئەمریکا لە کەنداو دزەپێکرد

گرووپی ئەلیکترۆنی "حەنزەلە" رایگەیاند؛ هێرشێکی ئەلیکترۆنی سەرکەوتوویان کردووەتە سەر بنکە زانیارییەکانی سوپای ئەمریکا و دەستیان بە زانیاریی "نهێنی" و 400 ئەفسەری پلەباڵای هێزی دەریایی ئەمریکا گەیشتووە کە لە ناوچەی کەنداو جێگیرن.

لە بەیاننامەیەکدا میدیا ئێرانییەکان بڵاوکراوەتەوە، گرووپەکە ئۆپەراسیۆنەکەیان ناوی "مەرگی پێشوەختە" بووە. بەهۆی ئەم هێرشەوە توانیویانە ناسنامەی پلەدارە باڵاکان و یەکە ئۆپەراسیۆنە چالاکەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداودا دەستنیشان بکەن.

حەنزەلە بانگەشەی ئەوە دەکات، ئەم زانیارییانە تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش راگەیاندنی فەرمی، لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکی لە ناوچەکە دزەیان پێکراوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، گرووپەکە دەڵێت: "هاککردنەکە تەنیا بردنی زانیاری نەبووە، بەڵکو نامەی هەڕەشەی راستەوخۆیان بۆ مۆبایلە تایبەت ئەو ئەفسەرانە ناردووە و تێیدا هۆشدارییان پێداون "ئیتر بوونیان لە ناوچەکەدا پارێزراو نییە". هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە ؛ تەواوی جووڵەی کەشتیگەلەکانی ئەمریکا لەژێر چاودێریی وردی ئەواندایە.

ئەم جۆرە چالاکییانە لە چوارچێوەی جەنگی ئەلیکترۆنی و دەروونی پۆلێن دەکرێن کە لە ناوچەکەدا پەرەی سەندووە.

گرووپی "حەنزەلە" بەوە ناسراوە هێرشی ئەلیکترۆنی بە رەهەندی سیاسی ئەنجام دەدات و زۆربەی کات پشتگیری لە گوتاری بەرەی مقاوەمە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ یان فەرمی راستی و دروستیی قەبارەی ئەو زانیارییانەی دزەیان پێکراوە یان ئاستی مەترسییەکەیانی پشتڕاست نەکردووەتەوە.