لە هەولێر چالاکییەکی هونەری بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت بەڕێوەچوو
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر، چالاکییەکی گرنگی هونەری بەمەبەستی پشتگیریی و گەشەپێدانی منداڵانی بێسەرپەرشت لەهەولێر پێشکەش کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 5ی ئایاری 2026، دانا محەمەد، سەرۆک بەشی سینەما و شانۆی کۆلێژی هونەرە جوانەکان بە کوردستان24ی گوت، "چالاکییە هونەرییەکە بەمەبەستی گرنگیدان بوو بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و خۆش بۆ منداڵان، بەتایبەتی ئەوانەی کە پێویستیان بە پشتگیریی دەروونی زیاتر هەیە. دوای ئەوە، منداڵان بەشێوەیەکی ئازاد تێکەڵی یاری و چالاکییە هونەرییەکان بوون، و یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین بەشەکان، دەرکەوتنی کەسایەتییە کارتۆنییەکان بوو کە بە جل و بەرگی جیاواز و بە شێوەیەکی خۆش بەشدارییان کرد. ئەم کەسایەتییانە بە یاری و گۆرانی، منداڵانیان هاندا بۆ بەشداریکردن، گۆرانی گوتن و هاوکاری کردن. ئەمەش وایکرد فەزایەکی شادی و خۆشەویستی لەنێو منداڵاندا دروست بێت."
دانا محەمەد گوتیشی، "لە بەشێکی دیکە، گرووپێک لە هونەرمەندان بە ئامێرەکانی وەکو، گیتار و دەهۆڵ، گۆرانی و ئاوازە گەشەکانیان پێشکەشکردن. منداڵان لەگەڵ ئاوازەکاندا گۆرانیان گوت و هەستیان بە ئازادی و خۆشی کرد. هەروەها هەندێک پێرفۆرمانسی سادەی شانۆیی پێشکەش کرا کە تێیدا پەیامەکانیان دەربارەی هاوکاری، خۆشەویستی و پاراستنی ژینگە بوو."
دانا محەمەد گوتی "بانگهێشتکردنی چەند خێزانێک بە منداڵەوە بۆ چالاکییەکە وای کرد کە منداڵانی بێ سەرپەشت هەست بە پشتگیری و ئارامی زیاتر بکەن. چونکە ئەم جۆرە چالاکیانە کاریگەرییەکی ئەرێنی هەیە لەسەر دۆخی دەروونی منداڵان و یارمەتییان دەدەن کە دەربچن لەم فشار و ترسەی لەسەریانە."
دانا محەمەد ئاماژەی بەوەش دا، "ئامانجی سەرەکی ئەم چالاکییە بریتی بوو لە، گەشەپێدانی توانا هونەرییەکان، دروستکردنی فەزایەکی خۆش و ئارام، پشتگیریی دەروونی بۆ منداڵان، پەرەپێدانی رۆحی هاوکاری و پێکەوەژیان."
ئەم بەرنامانە بە نموونەیەکی سەرکەوتوو دادەنرێت بۆ ئەو چالاکیانەی کە بە رێگەی هونەر و میوزیک، کاریگەرییەکی باش لەسەر منداڵان دروست دەکەن. هەروەها کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر لەم جۆرە چالاکیانە بەردەوام دەبن و لە ناوچە جیاوازەکانیش درێژە بەم چالاکییانە دەدەن.