سەرۆکی ئەمریکا وادەی رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکات لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا رێککەوتنێکی ئاشتی گشتگیر لەگەڵ تاران واژۆ بکەن، جەختیشی کردەوە، فشارە ئابوورییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی ئێران توانای کۆگاکردنی نەوتی نەمێنێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەکەی رەنگە تەنیا پێویستی بە دوو بۆ سێ هەفتە بێت بۆ کۆتاییهێنان بەو ئەرکەی لەگەڵ ئێران دەستیان پێکردووە، گوتیشی، "کات بۆ ئەمریکییەکان فاکتەرێکی فشار نییە و پەلەمان نییە."

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، "ئێمە رێککەوتنێکی دروست لەگەڵ ئێران واژۆ دەکەین، چونکە پێشتر لە رووی سەربازییەوە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە"، هەروەها دەستبەرداربوون لە خەونە ئەتۆمییەکان و وەرگرتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ئاستی باڵای وەک "هێڵی سوور" ناوبرد کە ناتوانرێت ببەزێنرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ ستایشی ئەو تیمەی ئێستای کرد کە سەرکردایەتی ئێران دەکەن و بە زۆر باشتر لە گرووپەکەی پێشوو وەسفی کردن، بەڵام گوتی: "ئەوان لە میدیاکاندا بە جۆرێک دەدوێن کە جیاوازە لەوەی بە ئێمەی دەڵێن."

لە کۆتاییدا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، مووشەکە بالیستییەکانی ئێران مەترسیدارن و دەبێت سنووردار بکرێن، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە نەبنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، راشیگەیاند، "ئێرانییەکان ئێستا پێویستیان بە رێککەوتنە، چونکە بەهۆی گەمارۆ و ئابڵۆقەکانەوە، شوێنی کۆگاکردنی نەوتیان لێ بڕاوە."