کشتوکاڵی ئاکرێ: ئەمساڵ بەرهەمی برنج زۆر زیاتر دەبێت لە ساڵانی رابردوو

ئەرشیف
ئەرشیف

بەرێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ رایگەیاند؛ بەهۆی رێژەی بەرزی بارانبارینی ئەمساڵ، پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی برنج لە ناوچەکە گەشەیەکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت و رووبەری زەوییە داچێنراوەکان زیاتر بێت لە ساڵانی رابردوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، فازڵ مستەفا، بەرێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: "بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵانی رابردوو نزیکەی 12هەزار و 500 دۆنم زەوی بە برنج چێنرابوو، بەڵام ئەمساڵ تەنیا لە دەڤەری ئاکرێ پێشبینی دەکرێت رووبەری برنج لە 9 هەزار بۆ 14 هەزار و 500 دۆنم دابچێنرێت ئەمەش ئاستیکی پێوانەییە و پێشبینی دەکەین بەرهەمەکەی زۆر زیاتر بێت لە ساڵانی رابردوو.

سەبارەت بە جۆرەکانی برنج لە دەڤەرەکە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێت: "چەندین جۆری نایاب وەک 'شەش‌ مانگی، سیێ مانگی، پێنج‌ مانگی، سەدری بۆندار و تەحالف' بەرهەم دەهێنرین کە لە بازارەکاندا خواستی زۆریان لەسەرە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێکجار چاندنی برنج بەهۆی بارودۆخەوە دوادەکەویت؛ بە نموونەش وشکەساڵی جووتیار گۆرانکاری لە کاتی چاندنیدا دەکات.

ئێستا جووتیارانی ناوچەکە دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە و هیوای بەرهەمێکی باش و زۆر دەخوازن. لە لایەکی دیکەشەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ جووتیاران کردووە بۆ بەبازارکردنی بەرهەمەکانیان. ئەم هەوڵانە هەناردەکردنی برنجی ئاکرێ بۆ بازارەکانی ناوخۆی عیراق و ولاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەگرێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و دۆزینەوەی بازاری دەرەکی بۆ ئەو بەروبوومانەی لە پێداویستی ناوخۆ زیاترن.