لە رۆژهەڵاتی کوردستان شوێنەوارێکی 350 ساڵە کراوەتە زبڵخانە
لە بەرانبەر پایەکانی پەرستگای ئاناهیتا لە ناوەندی شاری کەنگاوەری سنووری پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شوێنەوارێکی 350 ساڵە، کە رۆژانێک ناوەندی پاکوخاوێنی شارەکە بوو، ئەمڕۆ پشتگوێخراوە و بووەتە کەلاوە و زبڵخانە، کە خۆڵ و خاشاکی تێدا کەڵەکە کراوە.
ئاژانسی ئیرنا راپۆرتێکی لە بارەی ئەم شوێنەوارە مێژووییە بڵاوکردووەتەوە و تێدا هاتووە، گەرماوی مێژوویی "تەوەکول" کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە و لە نێوان خەڵکی شاری کەنگاوەر بە "گەرماوی حاجی عەلی ئەسغەرخان" ناسراوە، چەندین ساڵە فەرامۆشکراوە و لە جیاتی نۆژەنکردنەوە و بایەخ پێدانی لە رووی شارستانی و شوێنەوارییەوە، کراوەتە شوێنی فڕێدانی پاشماوە و خاشاک، بەهۆی پشتگوێخستنیەوە، بنمیچ و سەقفی شوێنەکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
ئەو گەرماوە مێژووییە بە ژمارە 2872 لە لیستی شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە، ئاژانسەکە هۆی پشتگوێخستن و وێرانکارییەکانی بەسەر ئەم شوێنەوارەدا هاتووە، خستووەتە سەر خاوەنی شوێنەکە و ئاماژەیداوە، ساڵانێکى زۆرە ئاگاداری و تێبینییە یاساییەکانی پێگەیشتووە.
لەمبارەوە محەممەد جەواد عەزیمی، بەڕێوەبەری شوێنەوار، گەشتوگوزار و پیشە دەستییەکانی کەنگاوەر، بە ئیرنای راگەیاندووە " کەنگاوەر خاوەنی چەندین شوێنەواری مێژوویی زۆر بەنرخە، لەوانە پەرستگای ئاناهیتا کە ناوبانگێکی نیشتمانی هەیە، لە سەردەمی سەفەوییەکانیشەوە سێ شوێنەواری گرنگمان بۆ بەجێماوە، لەوانە ئیمامزادە ئیبراهیم، پردی کووچە و گەرماوی تەوەکول".
بە گوتەی عەزیمی گەرماوی تەوەکول کە دەکەوێتە بەرانبەر پایەکانی پەرستگای ئاناهیتا، بەشێکی گرنگە لە مێژووی کەنگاوەر. دەشڵێت، پێویستە کاری جددی بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوارانە بکرێن، کە ئێستاش خاوەندارێتیان بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە، چونکە بەشێکی شوێنەوارەکان، میراتی باپیرانمانن و پاراستنیان ئەرکێکی گشتییە.
هەروەها جەخت دەکاتەوە، هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەدواداچوونی بۆ شوێنەکان و کێشەکان دەکات، بەڵام رۆڵی خەڵک و خاوەنی شوێنەکان زۆر گرنگە.
سەبارەت بەم دۆخەی بەسەر گەرماوی تەوەکول هێنراوە، دەڵێت، بەداخەوە خاوەنی شوێنەکە نەک هەر هیچ هەنگاوێکی بۆ پاراستنی شوێنەوارەکە نەناوە، بەڵکو ناوەوەی گەرماوەکەی کردووە بە شوێنی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، چەندینجار ئاگاداری و هۆشداری پێدراوە، بەڵام گوێی پێنەداوە و ئێستاش رووبەڕووی یاسا کراوەتەوە و هێشتا کەیسەکەی لەلایەن دادوەرەوە یەکلایی نەکراوەتەوە.