سێنتکۆم: فڕۆکەهەڵگری "جۆرج بوش" بەشداری لە پرۆژەی "ئازادی" دەکات
سێنتکۆم رایگەیاند، کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگریان بە دەریای عەرەبیدا تێپەڕیوە بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی دژی ئێران و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی ئازادی لە گەرووی هورمز.
ئەمڕۆ سێشەممە، 05ی ئایاری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج ئێچ دەبلیوو بوش" بە دەریای عەرەبیدا تێپەڕیوە.
فەرماندەیییەکە روونیشی کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە کەنداوی عومانەوە گەمارۆی دەریایی دژی ئێران جێبەجێ دەکەن.
سێنتکۆم ئەوەشی خستە روو، ئامانجی ئەم جووڵەیە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی ئازادییە لە گەرووی هورمز بۆ پاراستنی ئازادی دەریاوانی، هەروەها کەشتییە زەبەلاحەکە زیاتر لە 60 فڕۆکەی جۆراوجۆری لەسەرە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمز پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا پرۆسەیەکی نوێی بە ناوی "پڕۆژەی ئازادی" راگەیاندووە بۆ پاراستنی رێڕەوی کەشتییە بازرگانییەکان و دەربازکردنیان لە گەرووی هورمز بە سەلامەتی، لە هەمان کاتیشدا گەمارۆیەکی تووندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و رێگە نادات جموجووڵی نایاسایی بکەن.