ئۆزگور ئۆزەل: دەبێت سیستمێکی دیموکراسی بونیاد بنرێت هەموو کوردێک هەست بە یەکسانی بکات
سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، چارەسەرکردنی پرسی کورد بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی هەموو لایەنەکانە و دەبێت سیستمێکی دیموکراسی بونیاد بنرێت کە تێیدا هەموو کوردێک هەست بە یەکسانی بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، بابەتی چەکدانانی پەکەکە بەرپرسیارێتییەکی گەورەی سەر شانی هەموو لایەنەکانە و جەهەپە دەخوازێت لە ناوخۆدا هیچ کێشەیەک نەمێنێت و هەموو کوردان لە وڵاتدا لە نێو تەبایی، یەکگرتوویی و یەکسانیدا بژین.
ئۆزەل گوتیشی، "چەکدانانی پەکەکە و هاویشتنی هەنگاوە دیموکراسییەکان، بابەتی کێبڕکێ، دوژمنایەتی و دژایەتیکردن نین، ئەم بابەتە بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە لە ئەستۆی هەمووماندا."
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە داکۆکیکردنی ئەوان لە ئاشتی و دیموکراسی بەردەوام دەبێت.
هاوکات ئەمڕۆ سێشەممە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئاستی باڵای سەرکردایەتی، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە؛ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ساز کرد و تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرکردایەتیی پەکەکە بزووتنەوەیەکی نوێی بەناوی "بەرێوەبەرایەتیی بزوتنەوەی ئاپۆیی" راگەیاند.