قەرارگای خاتەمولئەنبیا: هیچ جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی موشەکی یان درۆنییمان دژی ئیمارات نەکردووە
گوتەبێژی بارەگای "خاتەمولئەنبیا"ی ئێرانی، راپۆرتەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی و درۆنی لەلایەن وڵاتەکەیەوە رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری گوتەبێژی بارەگای "خاتەمولئەنبیا" لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا هیچ جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی موشەکی یان درۆنییان دژی وڵاتی ئیمارات ئەنجام نەداوە. ئەگەر کارێکی لەو شێوەیە بکرایە، بە راشکاوی و بوێرییەوە رامان دەگەیاند. بۆیە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات بەتەواوی بێبنەمایە و دوورە لە ڕاستییەوە."
ئیبراهیم زولفەقاری ئاماژە بەوەش کرد، بەرپرسانی ئیمارات نابێ ڕێگا بدەن وڵاتەکەیان وەک وڵاتێکی ئیسلامی ببێتە هێلانەی ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان و شوێنی نشتەجێبوونی هێزەکانیان و خەیانەت لە جیهانی ئیسلام و موسڵمانان بکات.
گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا هۆشداریشی دا، "ئەگەر لە خاکی ئیماراتەوە هەر جۆرە هێرش و کارێکی تێکدەرانە دژی دوورگە، بەندەر و کەناراوەکانی ئێران ئەنجام بدرێت، وەڵامێکی هێندە توند و کوشندە دەدەینەوە کە ببێتە مایەی پەشیمانییەکی گەورە بۆیان."