لە سلێمانی یەکەمین کارگەی شیعری کوردی بەڕێوەچوو

یەکەمین کارگەی شیعری کوردی لەژێر درووشمی "خەونێک دەبێتە حەقیقەت و وشە دەبێتە هەوێنی ژیانەوە"، لە سلێمانی لە کارگەی کولتووری بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ی ئایاری 2026، سۆران نەقشبەندی، رێکخەری ئەو چالاکییە ئەدەبییە بە کوردستان24ی گوت، "ئەم چالاکییە بە مەبەستی دروستکردنی فەزایەکی ئەدەبییە بۆ فێربوون، ڕاهێنان و هاوبەشکردنی ئەزموونی شاعیران و قوتابیان رێکخراوە، هەروەها ئەم کارگەیە کە لەلایەن ژمارەیەک لە رێکخراوە ئەدەبییەکان و هونەرمەندان بەڕێوە دەچێت، کۆمەڵێک چالاکیی گەورەی لەخۆگرتبوو وەکو، وتار، گفتوگۆ، خوێندنەوەی دەق، و رەخنەی ڕوون و پڕۆفیشناڵ لەسەر بەرهەمە شیعرییەکان. بەشداربووان، کە زۆربەیان گەنجن و دەرفەتی ئەوەیان هەیە کە لەگەڵ شاعیران و مامۆستایانی پسپۆڕ راستەوخۆ پەیوەندی بکەن و لە ئەزموونیان سوود وەربگرن."

سۆران نەقشبەندی گوتیشی، "لەم کارگەیەدا، گرنگی بە بنەما سەرەکییەکانی شیعر دراوە  وەکو شێوازی زمان، وێنەسازی، هەست و مانا، هەروەها چۆنیەتی دروستکردنی دەقێکی بەهێز کە بتوانێت کارەساتی مرۆڤی و کولتووری بە شێوەیەکی جوان و کاریگەر بگەیەنێت. هەروەها باس لە جۆرە جیاوازەکانی شیعر و شێوازە نوێکان کرا، بەتایبەتی ئەو رێگەیانەی کە شیعری کوردی دەخەنە ناو  پەیوەندییەکی زیندوو لەگەڵ جیهانی هاوچەرخ دا."

سۆران نەقشبەندی باس لە گرنگی ئەو چالاکییە ئەدەبییە دەکات و دەڵێت، "بەشێکی گرنگی کارگەکە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی بەرهەمەکانی بەشداربووان، کە لە دوای ئەوە رەخنە و راوێژێکی ئەکادیمی و هونەری لەسەر کرا. ئەم پرۆسەیە یارمەتیدەری بەشداربووانە تا بتوانن خاڵە لاوازەکانیان بناسن و هەنگاو بۆ پێشەوە بنێن."

سۆران نەقشبەندی ئاماژەی بەوەش دا، "ئێمە ئامانجمان تەنیا فێربوونی تەکنیکی نییە، بەڵکو هەوڵدەدەین هەستێکی نوێی ئەدەبی و بیرکردنەوەیەکی قووڵ لە ناو گەنجاندا بڵاو بکەینەوە، بۆ ئەوەی شیعر تەنیا نووسین نەبێت، بەڵکو بێتە رێگەیەک بۆ دەربڕینی هەست، ناسنامە و کولتوور."

یەکەمین کارگەی شیعری کوردی، هەوڵێکە بۆ پاراستنی رۆحی ئەدەب و بەردەوامکردنی پەیوەندییەکی زیندوو لە نێوان مێژوو و ئێستادا، پەیوەندییەک کە شیعر دەبێتە دەنگی نەتەوەیەک و ئاوڕدانەوە لە هەست و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان.