بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلەی رێختەر باکووری خانەقینی هەژاند
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق، رایگەیاند؛ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلە بە پێوەری ڕێختەر، باکووری شارۆچکەی خانەقینی لە نزیک سنووری عێراق-ئێران هەژاندووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، بومەلەرزەکە لە درەنگانی شەودا روویداوە و ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناوچە نزیکەکان و تەنانەت لە بەغدادی پایتەختیش هەستیان پێکردووە، بەتایبەت ئەو کەسانەی لە نهۆمە بەرزەکان نیشتەجێن.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی بەهۆی بومەلەرزەکەوە تۆمار نەکراوە. روونیشی کردەوە، گوڕی بومەلەرزەکە لە ئاستی "مامناوەند"دایە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چاودێری وردی دۆخەکەدان بۆ تۆمارکردنی هەر پاشلەرزەیەکی ئەگەری.
لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی ناوەندی بوومەلەرزەزانی دامەزراوەی زانکۆی تاران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئایاری 2026، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی رێختەر ناوەندی کرماشان و شارەکانی گەیلانغەرب تا سەرپێلی زەهاوی هەژاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران، بەهۆی هەڵکەوتنیان لەسەر هێڵی چالاکی تەکتۆنی، جار جارە رووبەڕووی چالاکی بومەلەرزە دەبنەوە.