کلارا عەلی: وێنەی مرۆڤم تێکەڵی رۆبۆت و توخمە تەکنەلۆژییەکان کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ی ئایاری 2026، کلارا عەلی، خانمە شێوەکار، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی خۆی لە هونەری شێوەکاری و باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات.
کلارا عەلی دەڵێت، "هونەر تەنیا کاتێک مانایەکی قووڵی دەبێت کە لە ناوەوەی مرۆڤەوە سەرچاوە بگرێت، نەک تەنیا لە رێگەی سیستەمە ئەلگۆریتمییەکان."
کلارا عەلی، خانمە شێوەکار، دەربارەی ئەزموونی خۆی لە هونەری شێوەکاریدا بە کوردستان24ی گوت، "لە ساڵی 2020ەوە، من یەکەم هەنگاوەکانی خۆم لە بواری وێنەکێشاندا ناوە بە شێوەیەکی ئەکادیمی و بە رێچکەیەکی رێکخراو. لە سەرەتادا گرنگییەکی زۆرم داوە بە فێربوونی بنەماکانی هونەر، بە تایبەتی لەسەر شێوەی کلاسیک، کە بریتی بوو لە لێکۆڵینەوەی ورد لە دەم و چاوی مرۆڤ و شێوەی جەستە. ئەم قۆناخەی فێربوون، کە نزیکەی چوار ساڵ تێیدا بەردەوام بووم، بوو بە بناخەیەکی پتەو بۆ هەموو ئەو گەشەیەی دواتر لە کارەکانم دا پیشانمدا. هەروەها لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا، تەنیا بە فێربوونی تەکنیکەکان نەوەستام، بەڵکو هەوڵمدا بینینێکی هونەریی تایبەت بەخۆم دروست بکەم، بینینێک کە بتوانم جیاوازییەک دروست بکەم لە نێوان کارەکانم و کارەکانی هونەرمەندانی تر. لەبەر ئەوە، زۆر جار بە شێوەیەکی ورد لەسەر روونکردنەوەی دەستکاریکردنی رووناکی، سێبەر و رێژەکان کارم کردووە، تاکو بتوانم وێنەیەکی نزیک لە راستی وەکو ژیان دروست بکەم."
کلارا عەلی گوتیشی، "دوای ئەم قۆناخە بنەڕەتییە، گۆڕانکارییەکی گرنگ لە ئاراستەی کارەکانی مندا روویدا، من دەستم کرد بە تاقیکردنەوەی شێوازە نوێیەکان، بە تایبەتی تێکەڵکردنی وێنەی مرۆڤ لەگەڵ رۆبۆت و توخمە تەکنەلۆژییەکان. ئەم ئاراستەیە، کە نیشانەی بیرکردنەوەی مۆدێرنە، هەوڵێک بوو بۆ دۆزینەوەی ستایلێکی تایبەتی من لە نێوان دوو جیهانی جیاوازی وەکو مرۆڤ و ئامێر پەیوەندییەکی نوێ دروست بکەم. لە زۆرێک لە کارەکانمدا، دەبینرێت کە دەموچاوی مرۆڤ بە شێوەیەکی هەستیار لەگەڵ پێکهاتەی رۆبۆتی تێکەڵ کراوە، کە ئەمە بابەتێکی فکریی قووڵی هەڵگرتووە لەسەر ناسنامە، هەست و کاریگەریی تەکنەلۆژیا لەسەر ژیانی مرۆڤ."
ئەو خانمە شێوەکارە باس لە کردنەوەی پێشانگەکانی خۆی دەکات و دەڵێت، "لە رووی چالاکییە هونەرییەکانمەوە، توانیومە بە شێوەیەکی چالاک بەشداربم لە چەندین پێشانگەدا و تا ئێستا نزیکەی پێنج جار لە شارەکانی کەرکووک، سلێمانی و هەولێر کارەکانم پیشان دراون. ئەم بەشدارییانە یارمەتیدەری من بوون بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی زیاتر و پەیوەندی کردن بە ژینگەی هونەری. لە هەمووی گرنگتر، یەکێک لە کارەکانی من لە شاری بەرلین لە ئەڵمانیا نیشان درا، کە ئەمە هەنگاوێکی بەرز بوو بۆ چوونە ناو بازاڕی نێودەوڵەتی و ناساندنی تواناکانم لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات."
کلارا عەلی ئاماژەی بەوەش دا، "لەگەڵ پەیدابوونی زیرەکی دەستکرد، جیهانی هونەر رووبەڕووی گۆڕانکارییە خێراکان بووەوە، بۆیە من بڕوام وایە هەر چەندە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت وێنەیەکی جوان و تەکنیکی دروست بکات، بەڵام ئەو وێنانە لە هەست و ئەزموونی راستەقینەی مرۆڤ بێبەشن. من پێم وایە هونەر تەنیا کاتێک مانایەکی قووڵی دەبێت کە لە ناوەوەی مرۆڤەوە سەرچاوە بگرێت، نەک تەنیا لە رێگەی سیستەمە ئەلگۆریتمییەکان. بۆیە من پشتگیری لە بەردەوامبوونی هونەری دەستکردی مرۆڤ دەکەم و ئەمە بنەمای سەرەکیی هەموو بەرهەمێکی هونەرییە."
کلارا عەلی باسی لەوەش کرد، "رێگەی هونەری من نیشانەیەکی روونە لە گەشەیەکی بەردەوام و گۆڕانکارییەکی بەهێز لە فێربوونی کلاسیکەوە بۆ تاقیکردنەوەی مۆدێرن، لە پێشانگەکانی ناوخۆوە بۆ گەیشتن بە ئاستی نێودەوڵەتی، ئەم رێگەیەم هێشتا بەردەوامە، و هیوادارم لە داهاتوودا بەرهەمەکانم زیاتر ببنە هۆی ناساندنی ستایلێکی تایبەتی کە ناوی کلارا بە شێوەیەکی دیاریکراو لە جیهانی هونەردا تۆمار بکەم.
لەکۆتایی قسەکانی دا، کلارا عەلی باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت، " بەهۆی گۆڕانکاری لە ئاراستەی ژیانی هونەریم دا، کاتی کەمترم بۆ وێنەکێشان تەرخان کردووە، چونکە من ئێستا سەرقاڵی فێربوونی ژەنینی پیانۆ و خوێندنی مۆسیقام، کە ئەمە نیشانەیەکی دیکەی ئارەزووی بەردەوامی منە بۆ فێربوون و پەرەپێدان. هەرچەندە ئەم بوارە نوێیە کاتی زۆر داگیر کردووم، بەڵام کاریگەرییەکی ئەرێنی هەیە لەسەر بیرکردنەوەی هونەری من، چونکە مۆسیقا و وێنەکێشان هەردووکیان بە شێوەیەکی قووڵ پەیوەستن بە هەست و خەیاڵەوە."
کلارا عەلی، خانمە شێوەکار، خەڵکی شاری کەرکووکە. ماوەی 7 ساڵە بەشێوەیەکی ئەکادیمی دەستی بەکاری وێنەکێشان کردووە و تا ئێستا چەندین پێشانگەی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کردۆتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە لەکاری هونەری.