ئەپلیکەیشنی "رووناکی" بەردەست دەبێت؛ 900 هەزار هاوبەشیش تۆمار کراون
زیاتر لە 900 هەزار هاوبەشی کارەبا لە پڕۆژەی "رووناکی" تۆمار کراون و هاوینی ئەمساڵیش ئەپلیکەیشنی تایبەت بە پرۆژەکە بەردەست دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 06ـی ئایاری 2026، تیمی پرۆژەی "رووناکی" لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، تا ئێستا 900 هەزار هاوبەشی کارەبا (موڵک و شوێنە بازرگانییەکان) لە لە پڕۆژەکەدا خۆیان تۆمار کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی پڕۆژەکە، هەر ماڵێک یان شوێنێکی بازرگانی بە یەک هاوبەش هەژمار دەکرێت. هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە، هەرکاتێک هاوبەشێک شوێنێکی نوێی کڕی، یاخود بوو بە کرێچی تێیدا، پێویستە لەسەری ئەو شوێنە بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات.
باس لەوەش کراوە، رۆژانە هەزاران هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بۆ سوودمەندبوون لە خزمەتگوزارییەکان خۆیان لە پڕۆژەی "رووناکی"ـدا تۆمار دەکەن.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرەڕای ئەم ئامارە، بەشێکی هاوبەشان هێشتا خۆیان تۆمار نەکردووە و بەو هۆیەوە سوودەکانی پڕۆژەکەیان لەدەست چووە. هۆکاری ئەمەش بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە؛ یەکەمیان نەزانینی ئامانج و سوودەکانی پڕۆژەکەیە، دووەمیشیان نەزانینی چۆنیەتیی پرۆسەی خۆتۆمارکردنەکەیە.
خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەی ڕووناکی چییە؟
بریتییە لە بەستنەوەی ژمارەی تەلەفۆنی سەرۆکی خێزان یان سەرنشینی سەرەکی بەو یەکەیەی کە تێیدان (چ ماڵ بێت، یان یەکەی بازرگانی). ئەم هەنگاوە یارمەتیی حکوومەت دەدات لە نزیکەوە هاوبەشان ئاگادار بکاتەوە لە قەبارەی بەکارهێنانی کارەبا، وردەکاریی تەواوی پسوولە، پارەدان و هەر نوێکارییەکی گرنگ لە ڕێگەی کورتەنامەوە (SMS).
چۆنیەتیی خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەکە:
- سەردانیکردنی ماڵپەڕی فەرمیی پڕۆژەکە (www.runaki.gov.krd).
- سکانکردنی کۆدی (QR) کە لە بەشی سەرەوەی لای چەپی پسوولەی کارەبا هەیە.
- سەردانیکردنی نزیکترین هۆبەی فرۆشتنی وزە.
تێبینی: پڕۆژەی رووناکی پێشنیاز دەکات هاووڵاتییان بە شێوەی ئۆنلاین خۆیان تۆمار بکەن، چونکە پرۆسەیەکی زۆر ئاسانە و تەنیا 2 بۆ 3 خولەکی پێویستە.
- سوودە سەرەکییەکانی پڕۆژەی "رووناکی"
1. ئەپلیکەیشنی رووناکی: هاوبەشان دەتوانن راستەوخۆ ئەپلیکەیشنی "رووناکی" بەکاربهێنن کە بڕیارە لە هاوینی ئەمساڵدا بەردەست بێت. (ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردبێت، ناتوانن ئەپلیکەیشنەکە بەکاربهێنن تا خۆیان تۆمار نەکەن).
. تایبەتمەندییەکانی ئەپلیکەیشنەکە:
- زانینی رێژەی بەکارهێنانی کارەبا.
- مێژووی پارەدانی پسوولەکان.
- وردەکاریی تەواوی پسوولەکان.
- پێدانی پارەی پسوولە و قەرزە کەڵەکەبووەکان.
2. خزمەتگوزارییەکانی هۆبەی وزە: بەبێ خۆتۆمارکردن، هاووڵاتییان ناتوانن سوود لە خزمەتگوزارییەکانی هۆبەکانی فرۆشتنی وزە وەربگرن.
3. ئاگادارکردنەوە بە کورتەنامە (SMS): هاوبەش بەردەوام کورتەنامەی پێدەگات دەربارەی:
- رێژەی بەکارهێنانی کارەبا.
- وردەکاریی پسوولە (بڕی پارە، رێژەی بەکارهێنان و بەرواری خولەکان).
- زانیاریی پارەدان.
- ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە کاتی چاکسازی و سازدانەوەی تۆڕەکانی کارەبا کە لەوانەیە ببنە هۆی پچڕانی کاتیی کارەبا لە گەڕەکەکانیان.
لە کۆتاییدا پڕۆژەکە جەخت دەکاتەوە، ئەم سیستەمە شەفافیەتێکی تەواو دەداتە هاووڵاتییان دەربارەی کارەباکەیان، هاوکاریان دەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە کەڵەکەبوونی قەرز، و رێگەیان پێدەدات پلانی رۆژانەی خۆیان دابنێن لە کاتی بوونی پچڕانی کارەبادا بەهۆی چاکسازییەوە.
بۆ هەر پرسیار و زانیارییەکی زیاتر، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە 1992 (سەنتەری خزمەتگوزاریی رووناکی)یەوە بکەن.