بۆ یەکەمجار لە مێژوودا.. ڤایرۆسی "هانتا" لەناو کەشتییەکی گەشتیاری تۆمار دەکرێت

رێکخراوی تەندروستی جیهانی و تیمە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان لە هەوڵێکی چڕدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی یەکەمین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "هانتا" لەناو کەشتییەکی گەشتیاریدا، کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 3 کەس و کەرەنتینەکردنی 147 سەرنشینی دیکە.

لوسیل بلومبێرگ، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان لە پەیمانگای نیشتمانیی نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەفریقای باشوور، لە رۆژی 1ی ئایاردا زانیاری لەبارەی گەشتیارێکی ناو کەشتییەک پێگەیشت کە تووشی هەوکردنی توندی سییەکان ببوو. دوای پشکنین، دەرکەوت کە نەخۆشەکە هەڵگری ڤایرۆسی "هانتا"یە، ئەمەش وەک یەکەمین بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە مێژوودا لەناو کەشتییەکی گەشتیاری تۆمار کرا.

تاوەکو ئێستا 6 حاڵەتی توندی هەناسەتەنگی لەناو کەشتییەکەدا تۆمارکراون، کە 3 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ئێستا 147 سەرنشین و تیمی کارکردن، کە هیچ نیشانەیەکیان نییە، لەناو کەشتییەکەدا لە نزیک کەناراوەکانی کیپ ڤێرد کەرەنتینە کراون.

ماریا ڤان کێرخۆڤ، بەڕێوەبەری کارای بەڕێوەبردنی پەتاکان لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) رایگەیاند، گواستنەوەی دوو تووشبووی دیکە کە یەکێکیان پزیشکی کەشتییەکەیە بۆ هۆڵەندا، لە کارە لەپێشینەکانە. ڤایرۆسی هانتا کە زۆربەی جار لە رێگەی جرج و مشکەوە دەگوازرێتەوە، دەبێتە هۆی تێکچوونی سییەکان و دابەزینی توندی پەستانی خوێن، کە رێژەی گیانلەدەستدان تێیدا دەگاتە 50%.

تیمە پزیشکییەکان گومان دەکەن ڤایرۆسەکە لە جۆری "ئەندێز" بێت، کە یەکەمجار لە ئەرجەنتین و چیلی سەریهەڵداوە و تەنیا جۆری ڤایرۆسەکەیە کە ئەگەری گواستنەوەی لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ هەبێت. کەشتیی (MV Hondius) لە 1ی نیساندا لە بەندەری ئوشوایای ئەرجەنتینەوە بەڕێکەوتووە، کە ناوچەیەکە ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بۆ سەر ئاستی جیهان نزمە، بەڵام رێکارەکان توندتر دەکرێن. بڕیارە کەشتییەکە بەرەو دوورگەکانی کەناری (Canary Islands) بەڕێبکەوێت، تاوەکو لەوێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسپانیاوە لێکۆڵینەوەی وردی پەتاناسی بۆ بکرێت و تەواوی کەشتییەکەش دەرمانرێژ بکرێت.

ڤایرۆسی هانتا چییە و چۆن دەگوازرێتەوە؟

ڤایرۆسی هانتا نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی دەگمەنە بەڵام کوشندەیە، کە لە رێگەی (جرج و مشک) بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی تێکچوونی توندی کۆئەندامی هەناسە و سستبوونی گورچیلەکان.

زانیارییە سەرەکییەکان دەربارەی نەخۆشییەکە:

1. سەرچاوە و گواستنەوە:
ڤایرۆسی هانتا لە رێگەی بەرکەوتن لەگەڵ پاشماوە، یان لیکی جرج و مشکی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە. زۆربەی تووشبووەکان لە رێگەی هەڵمژینی ئەو هەوایەوە تووش دەبن کە بە تۆزی پاشماوەی ئەو ئاژەڵانە ئاڵودە بووە. گواستنەوە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ زۆر دەگمەنە و تەنیا لە جۆری (Andes)دا تێبینی کراوە.

2. نیشانەکانی نەخۆشییەکە:
نیشانەکان بە دوو قۆناغ دەردەکەون:

قۆناخی سەرەتایی: هاوشێوەی ئەنفلاوەنزایە، وەک تا، سەرئێشە، ئازاری ماسولکە (بەتایبەت لە پشت و ران)، ماندوێتی و هەندێکجار کێشەی کۆئەندامی هەرس.
قۆناخی توند: دوای 4 بۆ 10 رۆژ، نیشانەکان مەترسیدار دەبن، وەک هەناسەتەنگی توند، پڕبوونی سییەکان لە ئاو و نزمبوونەوەی کتوپڕی پەستانی خوێن.
3. مەترسیی گیانلەدەستدان:
ئەم ڤایرۆسە یەکێکە لە مەترسیدارترین نەخۆشییەکان؛ رێژەی گیانلەدەستدان لەو جۆرانەی هێرش دەکەنە سەر سییەکان دەگاتە نزیکەی 38% بۆ 50%.

4. چارەسەر و ڤاکسین:
تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسینێکی پەسەندکراو یان چارەسەرێکی دەرمانیی تایبەت (Antiviral) بۆ ڤایرۆسی هانتا نییە. چارەسەرەکە تەنیا بریتییە لە "پشتگیریی پزیشکی" لە ژێر چاودێریی تونددا (ICU)، وەک بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و ئۆکسجین.

5. رێکارەکانی خۆپارێزی:
باشترین رێگە بۆ پاراستنی خۆت بریتییە لە پاکراگرتنی شوێنی نیشتەجێبوون و دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی جرج و مشکی تێدایە. لە کاتی پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی گومانی هەبوونی پاشماوەی قرتێنەرەکانی لێ دەکرێت، پێویستە دەمامک و دەستکێش بەکاربهێنرێت و رێگری بکرێت لە بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ.