پزیشکێکی کورد لە ئەمریکا خەڵاتێکی نێودەوڵەتی وەرگرت

دکتۆر غازی زێباری، پزیشکی نەشتەرگەری کورد لە ئەمریکا
دکتۆر غازی زێباری، پزیشکی نەشتەرگەری کورد لە ئەمریکا

دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی ئەمریکی بۆ متمانەبەخشین بە چاودێریی تەندروستی، لە مانگی ئاداردا بە فەرمی ناسناوی نەشتەرگەری ناوازەی لە نەشتەرگەریی رۆبۆتیکدا بە دکتۆر غازی زێباری، پزیشکی نەشتەرگەری کورد لە ئەمریکا بەخشی.

دامەزراوەی پێداچوونەوەی نەشتەرگەری (SRC) لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم رێزلێنانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەنتەری ناوازەی تەندروستیی "ویلیس نایتن" دەرچووە. 

روونیشی کردەوە، خەڵاتەکە تیشک دەخاتە سەر شارەزایی ئەو پزیشکە کوردە لە پرۆسە پێشکەوتووەکانی نەشتەرگەریی رۆبۆتی و پابەندبوونی بە پێوەرە بەرزەکانی چاودێریکردنی نەخۆش و سەلامەتیی کلینیکی.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا دامەزراوەکە ئەوەشی خستە روو، پرۆسەی متمانەبەخشینەکە زۆر وردەکارانە بووە و هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ کارامەیی نەشتەرگەری و کاری تیمی کراوە. هەروەها بڕوانامەکە تەنیا رەنگدانەوەی لێهاتوویی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو هەوڵی تیمە پزیشکییەکانیش نیشان دەدات. دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەش دا، بەرنامەکانیان پێوەرێکی نێودەوڵەتین بۆ دڵنیایی جۆری لە چاودێریی تەندروستیدا و هاوکاری پزیشکەکان دەکەن بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر.

غازی زێباری وەک یەکێک لە دیارترین پسپۆڕە پزیشکییە کوردەکان لە ئەمریکا هەژمار دەکرێت و دەیان ساڵ ئەزموونی لە نەشتەرگەریی پێشکەوتوودا هەیە، هاوکات پۆستی باڵای لە دامەزراوە پزیشکییە گەورەکانی ئەمریکا وەرگرتووە. لە پاڵ دەستکەوتەکانی لە ئەمریکا، بەشدارییەکی کارای لە پاڵپشتیکردنی پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەرنامەکانی راهێنانی پزیشکی و دابینکردنی ئامێرەوە کردووە و رۆڵی هەبووە لە ئاڵوگۆڕی زانیارییە پزیشکییەکان.

بەرپرسان و پسپۆڕانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام رایانگەیاندووە، هەوڵەکانی ئەم پزیشکە وەک پردێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا. 

ئەم رێزلێنانەش لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان لە فراوانکردنی ژێرخانی تەندروستی و پڕۆژەکانی تایبەت بە نەشتەرگەرییە پێشکەوتووەکان بەردەوامە. جێی باسە نەشتەرگەریی رۆبۆتی بەهۆی وردبینییەکەیەوە بووەتە بەشێکی گرنگ لە سیستەمی تەندروستیی مۆدێرن لە سەرتاسەری جیهاندا.