تاران تاوتوێی پێشنیازێکی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی پێشنیازێکی ئەمریکان بۆ راگرتنی ئەو جەنگەی کە زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە، و بڕیارە وەڵامەکەیان لە رێگەی پاکستانەوە بگەیەنن.
چوارشەممە 6ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی ئیسنا (ISNA) لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردەوە، تاران بە فەرمی پێشنیازێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای پێگەیشتووە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو ململانێ سەربازییەی کە ماوەی دوو مانگ زیاترە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە دا، وڵاتەکەی ئێستا سەرقاڵی وردبوونەوە و هەڵسەنگاندنی پێشنیازەکەیە. هەروەها جەختی کردەوە کە ئێران وەڵامی کۆتایی خۆی رادەستی دەوڵەتی پاکستان دەکات، کە لەم قەیرانەدا وەک ناوبژیوان و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی هەردوولا کار دەکات.
هەر ئەمڕۆ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کردووە کە کۆشکی سپی و تاران لە لێواری گەیشتن بە لێکگەیشتنێکی مێژووییدان و یاداشتنامەیەکی 14 خاڵی وەک نەخشەڕێگەی نوێی دیپلۆماسی ئامادە کراوە.
بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە، ئەمریکا پابەند دەبێت بە ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکان لە ماوەی مانگێکدا، لە بەرامبەردا تاران رەزامەندی داوە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رەوانەی دەرەوە بکات و گەرەنتی نەگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بدات.
ئەم پێشهاتە سیاسییە کاریگەرییەکی خێرای کردووەتە سەر بازاڕە جیهانییەکان و نرخی نەوتی بە رێژەی 7% دابەزاندووە، لە کاتێکدا واشنتن 48 کاتژمێری بۆ وەڵامی کۆتایی تاران دیاری کردووە و هۆشداریی داوە کە شکستی ئەم هەوڵە دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان.
بڕیارە خولی داهاتووی دانوستانەکان لە نێوان ئیسلامئاباد یان جنێڤ بەڕێوە بچێت بۆ یەکلاکردنەوەی کۆدەنگیی کۆتایی.