ترەمپ: شانسێکی زۆر باش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران هەیە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، شانسێکی زۆر باش هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران لە رێگەی رێککەوتنێکی نوێوە، بەڵام هۆشداری دا کە ئەگەر گفتوگۆکان شکستیان هێنا، هێزەکانی ئەمریکا دەست بە بۆردوومانکردنی ئەو وڵاتە دەکەنەوە.
چوارشەممە 6ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "PBS" ئاشکرای کرد، کە واشنتن لە رێککەوتنێکی نزیکە لەگەڵ تاران کە دەکرێت پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چین هەفتەی داهاتوو واژۆ بکرێت.
بەپێی گوتەکانی ترەمپ، رێککەوتنەکە مەرجی قورس لەخۆ دەگرێت، لەوانە، ئێران پابەند بکرێت بە ناردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بۆ ناو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تاران بەشێکی زۆر لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە تەواوی رابگرێت.
ترەمپ گوتی: "پێشتر هەستم دەکرد رێککەوتن نزیکە، ئێستاش دەبێت ببینین چی روودەدات." بەڵام هۆشداریی دا و گوتی: "ئەگەر ئەم شەڕە کۆتایی نەیەت، ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ بۆردومانکردنی ئێران."
هەر ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، لە رێگەی هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەگەر ئێران بەو مەرجانە رازی بێت لەسەری رێککەوتوون، ئەوا ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" کۆتایی دێت.
روونیشی کردەوە، بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، گەمارۆی سەر گەرووی هورمز هەڵدەگیرێت و گەرووەکە بە رووی هەموو وڵاتان و تەنانەت خودی ئێرانیشدا دەکرێتەوە.