ماکرۆن: لەگەڵ بەریتانیا لە گەرووی هورمز ئەرکێکی هاوبەشمان دەبێت
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، داوای کرد دەستبەجێ گەمارۆی سەر گەرووی هورمز هەڵبگیرێت و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی و بەریتانیا ئەرکێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کەشتیوانی پێکدەهێنن.
چوارشەممە 6ـی ئایاری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرای کرد کە گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، ئەنجامداوە. ماکرۆن نیگەرانیی قووڵی خۆی لە فراوانبوونی گرژییەکان دەربڕی و بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە کراونەتە سەر ژێرخانی مەدەنیی ئیمارات و کەشتییە بازرگانییەکان.
سەرۆککۆماری فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هەموو لایەنەکان بەبێ دواکەوتن و بەبێ هیچ مەرجێک، گەمارۆی سەر گەرووی هورمز هەڵبگرن. گوتیشی: "پێویستە بە شێوەیەکی بەردەوام بگەڕێینەوە بۆ ئەو سیستەمەی کە پێش جەنگ هەبوو، کە تێیدا ئازادیی تەواوەتی بۆ هاتوچۆی دەریاوانی فەراهەم بوو
ماکرۆن ئاشکرای کرد، فەرەنسا و بەریتانیا ئەرکێکی سەربازیی فرەنەتەوەییان ڕێکخستووە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی متمانە بۆ کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و بیمە. ئاماژەی بەوەش دا، جێگیرکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "شارل دیگۆل" لە ناوچەکەدا، لە چوارچێوەی ئەم ئەرکەدا دەبێت. ماکرۆن جەختی کردەوە کە ئەم هێزە جیاواز دەبێت لە لایەنە شەڕکەرەکان و ئەرکەکەی تەنیا پاراستنی هاتوچۆی ئازادە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ماکرۆن گوتی داوای لە سەرۆکی ئێران کردووە ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە. هەروەها ڕایگەیاند کە بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئەم پرسە، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆدەبێتەوە یان پەیوەندی پێوە دەکات.
ماکرۆن پێی وایە ئارامبوونەوەی دۆخی گەرووی هورمز هاوکار دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی دانوستانە ئەتۆمییەکان و مووشەکییەکان. گوتیشی: "ئەوروپییەکان، لە هەڵگرتنی سزاکانی ئێران بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی ئەوانەوە، ڕۆڵی کارای خۆیان لەم پڕۆسەیەدا دەبێت."