ناتانیاهۆ فەرمانی لێدانی فەرماندەی هێزی رزوانی لە بەیروت دەرکرد

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، رەزامەندییان دا لەسەر کردەوەیەکی سەربازیی سوپای ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی فەرماندەی "هێزی ڕزوان"ی سەر بە حزبوڵڵا لە بەیروت بە مەبەستی لەناوبردنی.

چوارشەممە 6ـی ئایاری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "چەکدارانی رزوان بە بەرپرسیار دەزانین لە تەقەکردن لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل و هێرشکردنە سەر سەربازانی سوپا، ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ چەکدارێک پارێزبەندی نییە و دەستی درێژی ئیسرائیل دەگاتە هەموو دوژمن و بکوژێک."

ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، بە شێوەیەکی بەردەوام و نزیکەی رۆژانە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندیدایە و گوتی: "هەماهەنگی تەواو لە نێوانماندا هەیە و هیچ سوپرایزێک لە ئارادا نییە، هەروەها ئێمە خاوەن ئامانجی هاوبەشین، کە گرنگترینیان نەهێشتنی هەموو ماددە پیتێنراوەکانی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی توانای پیتاندنی ئەو وڵاتەیە."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە، سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی بۆ هەموو سیناریۆیەکی ئەگەری ئامادە کردووە و گوتی: "ئیسرائیل لە ئێستادا لە هەموو کاتێک بەهێزترە و لە بەرانبەردا ئێران و بریکارەکانی لە هەموو کاتێک لاوازترن."


ناتانیاهۆ و کاتز جەختیان کردەوە، ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنەدایە کە بە دانیشتووانی باکووری ئیسرائیلیان دابوو بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکانیان و رایانگەیاند: "بەڵێنمان دابوو ئاسایش بگەڕێنینەوە، بەم شێوەیە کار دەکەین و بەردەوامیش دەبین."

ئەم پەرەسندنە سەربازییانەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان لە کاتێکدایە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە 16ـی نیسان رایگەیاندبوو، رێککەوتن بۆ ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل بۆ ماوەی 10 رۆژ کراوە، دواتر لە 25ـی نیساندا ئاگربەستەکە بۆ سێ هەفتەی دیکە درێژکرایەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش شەڕ و پێکدادان لە باشووری لوبنان بەردەوامە.

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی لوبنان، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا 42 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، بەوەش کۆی ژمارەی قوربانیان لە 2ـی ئاداری رابردووەوە تاوەکوو ئێستا گەیشتووەتە 2576 کوژراو و 7962 بریندار.