هەولێر.. فیلمی سینەمایی "لێواری سێبەر" نمایش کرا

فیلمی سینمایی "لێواری سێبەر"، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێر، لە دەرهێنانی جۆدی ئەنداد تۆستایە، لە ئێمپایەر سینەما لە فامیلی مۆڵ نمایش کرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر بە کوردستان24ـی گوت: "فیلمەکە بەرهەمی ساڵی 2025ـە، جاکی شان رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، چیڕۆکی فیلمەکە پەیوەندی بە تاوان و پیلانێکی نهێنی هەیە،  کارەکتەری سەرەکی دەکەوێتە ناو ئەم کێشەیەوە، کاتێک دەزانێت کاتێکی دیاریکراو هەیە کە پێی دەوترێت کاتی بێدەنگ. کارەکتەری سەرەکی دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات، بەڵام بە زوویی تێدەگات کە دوژمنەکە تەنیا کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو تۆڕێکی تاوانکاری بەهێزە و هەندێک کەسی خۆفرۆش یارمەتییان دەدات. کارەکتەری سەرەکی هەوڵ دەدات پیلانەکە تێکبدات و رووداوە ترسناکەکە رابگرێت. بەگشتی فیلمەکە چیڕۆکیەکی پڕ لە هەست، تەنگەتاوی، و شەڕی نێوان راستی و درۆیە، باس لە کاتێک دەکات کە هەموو شتێک دەتوانرێت تێیدا بگۆڕدرێت."

شاخەوان مستەفا گوتیشی: "ئێمە وەکو سینەمای هەولێر هەموو هەفتەیەک فیلم نمایش دەکەین، چونکە بە باشی دەزانین ئەو جۆرە فیلمانە هەبێت، ئێمە دەرگامان بۆ هەموو چین و توێژێک کراوەیە، جا کورد بێت یان لە نەتەوەیەکی تر بێت، چونکە پەیامی کوردستان پەیامێکی پێکەوە ژیانییە، بۆیە هەموو پێکهاتەکان کە هونەرمەندن، بۆیان هەیە گەر پڕۆژەی هونەرییان هەبێت بەتایبەت لەبواری فیلم، ئێمە دەتوانین دەرگایان بۆ بکەینەوە و خزمەتیان بکەین وەک چۆن خزمەتی هەر تاکێکی تر دەکەین."

بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێر، لە وەرزی بەهارەیدا، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، هەموو چوارشەممەیەک کاتژمێر 6ـی ئێوارە، بێبەرانبەر فیلمی سینمایی لە هەولێر لە ئێمپایەر سینەما، نمایش دەکات.