ترەمپ: لە 24 کاتژمێری رابردوو دانوستانی باشمان لەگەڵ ئێران کردووە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە هێزە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئێران بە رێژەیەکی زۆر لاواز بوون و لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا گفتوگۆی زۆر باشیان ئەنجامداوە.

چوارشەممە 6ی ئایاری 2026، لە نوێترین لێدوانییدا بۆ میدیاکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بارودۆخی سەربازیی ئێرانی خستەروو و گوتی: "ئێران چیتر هیچ رادارێکی بۆ نەماوەتەوە و زۆربەی جبەخانە مووشەکییەکەیان لەناوچووە." ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە تەنیا 18 بۆ 19%ی توانای مووشەکییان ماوەتەوە، کە ئەمەش بەراورد بەوەی پێشتر هەیانبووە، بڕێکی زۆر کەمە.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لە کاریگەرییەکانی جەنگ کرد لەسەر ئابووری و ئاماژەی دا، بازاڕی پشکەکان ئێستا بەرزترە لەو کاتەی شەڕ دەستی پێکرد. من پێم وابوو نرخی نەوت دەگاتە 200 بۆ 250 دۆلار، بەڵام ئێستا لە دەوروبەری 100 دۆلارە." ترەمپ جەختی کردەوە کە تەنانەت ئەگەر نرخی نەوت گەیشتبایە 200 دۆلاریش، هێشتا شەڕەکە دەهێنرا چونکە ئامانجەکە پاراستنی ئاسایش بووە.

ترەمپ گەشبینیی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەربڕی و گوتی: "ئێرانییەکان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن. لە 24 کاتژمێری رابردوودا گفتوگۆی زۆر باشمان هەبووە و زۆر ئەگەر هەیە کە بگەینە رێککەوتنی کۆتایی.

سەرۆکی ئەمریکا جارێکی تر جەختی کردەوە کە رێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و باسی لەوە کرد، "ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت و ئەوانیش لەسەر ئەم خاڵە رازی بوون."

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەشبینیی خۆی نیشاندا سەبارەت بە بەدەستهێنانی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران، لە کاتێکدا هەردوو وڵات لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بە مەبەستی راگرتنی شەڕی نێوانیان.

ترەمپ لە کاتی جێهێشتنی چالاکییەک لە کۆشکی سپی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران، بە کورتی گوتی: "بەدەستی دەهێنین."

بەپێی داتاکان، ئێران تاوەکو ئێستا زیاتر لە 408 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرزی لەبەردەستدایە و هێشتا ڕادەستی لایەنی سێیەمی نەکردووە، کە ئەمەش خاڵی سەرەکیی ململانێ و دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.