لەزگەی زیرەک دەبێتە جێگرەوەی دەرزی لێدان
زانایانی رووسیا سەرکەوتنێکی گەورەی پزیشکییان لە بواری تەکنەلۆژیای "نانۆ"دا تۆمار کرد و توانییان "لەزگەی زیرەک" دروست بکەن، کە وەک جێگرەوەیەک بۆ دەرزی لێدان بەکاردێت و کاریگەری دەرمانەکان لە رێگەی پێستەوە زیاد دەکات.
پێنجشەممە 7ـی ئایاری 2026، زانایانی رووسیا لە داهێنانێکی نوێدا جۆرە لەزگەیەکی زیرەکیان دروست کردووە کە لە داهاتوو دەبێتە جێگرەوەی دەرزی لێدان، ئەم لەزگانە زۆر تەنکن و دەرزی زۆر ورد (Micro-needles)یان تێدایە کە لە کاتی بەکارهێنانیاندا هیچ ئازارێک دروست ناکەن، دەرمانەکە بە شێوەیەکی پلەبەندی و راستەوخۆ دەگەیەننە ئەو ناوچەیەی کە پێویستی بە چارەسەرە، هەرچەندە ئەم داهێنانە ئێستا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە، بەڵام هەنگاوێکی گرنگە کە تیایدا "ترس لە دەرزی" نامێنێت.
لەزگە زیرەکەکان بە هەستیار (Sensor) و میکانیزمێکی زۆر ورد دروستکراون کە توانای گەیاندنی دەرمانەکەیان هەیە بۆ شوێنی برین یان نەخۆشییەکە، هاوکات چاودێری بڕی دەرمانەکە و کاتی دەرچوونی دەکەن.
لە رابردوودا پزیشکان تەنها لەزگەی ئازارشکێنیان بەکاردەهێنا کە کاریگەرییەکەیان بۆ ماوەی 12 تا 24 کاتژمێر دەمایەوە، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوە بوو کە پێستی مرۆڤ بە ئاسانی دەرمان هەڵنامژێت، زانایانی رووسیا بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە سوودیان لە "تەزووی گالڤانی" (Galvanic currents) وەرگرتووە؛ ئەم تەزووە دەبێتە هۆی چالاککردنی سووڕی خوێن لە ناوچەکەدا و توانای مژینی شانەکان بۆ دەرمانەکە زیاد دەکات، هەروەها یارمەتی خێرا چاکبوونەوەی برینەکان دەدات.
پلان وایە لە داهاتوودا ئەم سیستەمە نوێیە بۆ چارەسەرە درێژخایەنەکان بەکاربهێنرێت، وەک چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی دەمار، و بەتایبەتی بۆ تووشبووانی نەخۆشی شەکرە وەک جێگرەوەیەک بۆ دەرزی "ئەنسۆلین"، لە ئێستاشدا تاقیکردنەوەکان لەم بوارەدا بەردەوامن.