نێرگز عەزیز موزیکێکی 700 ساڵی زیندوو دەکاتەوە
نێرگز عەزیز، خانمە موزیکژەنی کورد، داهێنانی لە جۆرە موزیکێک کردووە بەناوی ئامێری"کۆرا"، کە زیاتر لە حەوت سەدە تەمەنی هەیە و لە وڵاتی ئەفریقا ئەو ئامێرە دەپارێزرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ی ئایاری 2026، نێرگز عەزیز، خانمە موزیکژەنی کورد بە کوردستان24ی گوت، "لە نێوان دەنگی ئارام و قوڵی ژێیەکاندا، ئامێری "کۆرا"، تەنیا ئامێرێکی موزیکی نییە، بەڵکو کتێبخانەیەکی زیندووی مێژوو و ناسنامەی گەلانە. ئەم ئامێرە کە زیاتر لە حەوت سەدە تەمەنی هەیە، لە وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا وەکو مالی، سێنیگال و گامبیا لەلایەن “گریۆت”ەکانەوە دەپارێزرێت؛ ئەوانەی کە هەم موزیکژەنن، هەم چیرۆکنووس و پارێزەری مێژووی گەلەکانیانن. هەروەها کۆرا، بە دەنگێکی گەرم، ئارام و عیرفانی ناسراوە، دەنگێک کە گوێگر دەبات بۆ ناو چیرۆک و بیرەوەرییە کۆنەکان."
نێرگز عەزیز گوتیشی، "پێکهاتەی ئەم ئامێرەش بە شێوەیەکی ورد و هونەری دروستکراوە. کۆرا 21 ژێی هەیە و سندوقی دەنگی لە میوەیەکی گەورە بە ناوی "کالێباس" دروست دەکرێت؛ ئەو میوەیەی کە لە زۆر ئامێری تری موزیکیش بەکاردێت وەکو، بالافۆن، بێرینباو، نگۆنی و ماراکاس. رووی ئامێرەکە بە پێستی بزن یان مانگا داپۆشراوە، کە دوای وشککردنەوە بە توندی دەکێشرێت بۆ ئەوەی لەرزینی دەنگ بە باشترین شێوە بگوازێتەوە."
ئەو خانمە موزیکژەنە باس لە پێشەوەی ئامێری کۆرا دەکات و دەڵێت، "لە پێشەوەی کۆرا پارچە دارێک هەیە کە ژێیەکان بەرز دەکاتەوە و دابەشیان دەکات بۆ دوو ریز. لە رابردوودا ژێیەکان لە پێست و تارمی ئاژەڵ دروست دەکران، بەڵام ئەمڕۆ زۆربەیان لە نایلۆن دروست دەکرێن بۆ بەهێزبوون و پاراستنی دەنگ."
نێرگز عەزیز ئاماژەی بەوەش دا، "یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ئامێرە، سیستەمی دۆزەنەکردنی ژێیەکانە. بازنەکان لە پێستی وشکبووی ئاژەڵ دروستکراون و بە شێوەیەکی کۆن کار دەکەن؛ کاتێک بەرز دەکرێنەوە ژێیەکان دەکشێن و تۆنی دەنگ بەرز دەبێتەوە، و کاتێک بۆ خوارەوە دەجوڵێندرێن، دەنگەکە نزمتر و گڕتر دەبێت. هەروەها ملی کۆراش لە دارێکی بەهێزی "ماهۆگنی" دروستکراوە و دوو دەستگرتنی تری لە پێشەوەی هەیە کە یارمەتی موزیکژەن دەدات لە کاتی ژەنیندا بتوانێت ئامێرەکە بە ئاسانی کۆنترۆڵ بکات."
ئەو خانمە موزیکژەنە باسی لەوەش کرد، "لە ناوەڕاستی سندوقی دەنگدا دەرچەیەکی گەورە هەیە کە رێگە بە جولەی هەوا دەدات. کاتێک ژێیەکان دەلەرزن، ئەو هەوایەش دەجوڵێت و لەرزینەکان بەهێزتر دەکات، بەمەش دەنگی کۆرا بە شێوەیەکی قوڵ و روون دەبیسترێت. ئەگەر ئەو دەرچەیە دابخرێت، دەنگەکە کپ و لاواز دەبێت."
نێرگز عەزیز، خانمە موزیکژەنی کورد، خەڵکی سلێمانییە و دانیشتووی ئەوروپایە، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانیی تەواو کردووە، ئێستا لێکۆڵینەوە لە مێژووی ئامێرەکانی موزیک لە کولتوورە جیاوازەکاندا دەکات.