پزیشکیان: گفتوگۆی بەرهەمدارمان لەگەڵ موجتەبا خامنەیی هەبووە
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران تیشکی خستە سەر دیدارە نوێیەکەی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و رایگەیاند، دیدارەکە لە کەشێکی زۆر دۆستانەدا بەڕێوەچووە و رەفتار و سادەیی رێبەر بووەتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەکی پڕ لە متمانە و ئارامی بۆ گفتوگۆکان.
پێنجشەممە7ی ئایاری 2026، مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد کە دیدارەکەی لەگەڵ رێبەری باڵای ئێران نزیکەی 2.5 کاتژمێری خایاندووە و تێیدا تیشک خراوەتە سەر رەهەندە کەسی، ئەخلاقی و کارگێڕییەکانی موجتەبا خامنەیی. گوتیشی: "ئەوەی لەم دانیشتنەدا بۆ من زۆر جێگەی سەرنج بوو، شێوازی رووبەڕووبوونەوە و نیگای سادە و قووڵی رێبەر بوو؛ ئەم رێبازە وایکرد کەشێکی گونجاو بۆ گفتوگۆی بێوەستان و راشکاو دروست بێت."
سەرۆککۆماری ئێران باسی لە گرنگیی بەهێزکردنی یەکڕیزی و متمانە لە نێوان بەرپرسانی ئێران کرد و رایگەیاند: "کاتێک باڵاترین بەرپرسی وڵات بەو جۆرە رەفتارە ئەخلاقی و رۆحیەتی میللییەوە لەگەڵ بەرپرسان مامەڵە دەکات، بە شێوەیەکی سروشتی ئەمە دەبێتە نموونە و مۆدێلێک بۆ تەواوی سیستەمی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی وڵات."
پزیشکیان ئەوەشی خستە روو کە رێبەری باڵا لەم دیدارەدا بە رۆحیەتێکی سادە و پڕ لە رێزەوە ئامادە بووە، ئەمەش وایکردووە گفتوگۆکان بە شێوەیەکی راشکاو و بە بێ هیچ بەربەستێک بن، کە ئەنجامەکەی دروستبوونی هەستی نزیکی و متمانەی زیاتر بووە لە نێوان هەردوولادا.