نرخی زێڕ سێ رۆژە بەرز دەبێتەوە
نزیکەی 200 دۆلار گرانبووە
گەشبینیی بازاڕەکان بە ئەگەری رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران، بووە هۆی ئەوەی تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 190 دۆلار بەرز ببێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 50 دۆلار بەرزبووەوە و بە چوار هەزار و 753 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.هاوکات، لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، نرخی مسقاڵێک لە زێڕی عەیار21 گەیشتە یەک ملیۆن و حەوت هەزار دینار.
شرۆڤەکارانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن، گەشبینییەکان بووەتە هۆی ئەوەی بەهای دۆلار دابەزێت و بازاڕەکان کەمتر نیگەران بن لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، ئەمە پاڵنەرێکی بەهێز بوو بۆ گرانبوونی زێڕ.
لە ئێستادا، نرخی بەرمیلێک لە نەوتی خاو بۆ کەمتر لە 100 دۆلار دابەزیوە، گوشارەکانی هەڵاوسانی کەمکردووەتەوە. لە رابردوودا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبووە هۆی گرانبوونی تێچووی وزە و ناچارکردنی بانکە ناوەندییەکان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سووی بانکی کە هەمیشە کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی زێڕ هەبووە.
پیتەر گرانت، ستراتجیستی کانزاکان لە کۆمپانیای زانەر مێتاڵز دەڵێت: "گەشبینی سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، بۆ بازاڕی زێڕ لە کورتخایەندا باش بووە، دوای ئەوەی نرخی نەوت دابەزی و نیگەرانییەکانی هەڵاوسان کەمبوونەوە، دەرەنجام کاریگەریی لەسەر گۆڕینی دیدگای بازاڕ هەبووە سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی یەدەگی فیدراڵی لەم ساڵەدا."
لە هەمان کاتدا، هۆشداریدا و گوتی: "ناکرێت بڵێین بەتەواوی لە مەترسییەکان رزگارمان بووە، چونکە بازاڕەکان بەردەوام دەبن لە هەڵبەز و دابەز بەپێی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
وەبەرهێنەران چاوەڕێی راپۆرتی هەلی کاری ئەمریکان، بڕیارە سبەی هەینی بڵاوبکرێتەوە، تاوەکو بزانن ئابووری ئەو وڵاتە تاوەکو چەند بەرگەی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتە نەختینەییەکانی یەدەگی فیدراڵی دەگرێت کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاراستەی داهاتووی بازاڕەکان دەبێت.