ئیمارات زیانی هێرشەکانی ئێران بە بەڵگە دەکات
حکوومەتی ئیمارات لیژنەیەکی نیشتمانی لە چەند وەزارەتێکی پەیوەندیدار پێکهێناوە، بۆ ئەوەی شوێن زیان پێگەیشتووەکان و زیانمەندبووانی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران تۆمار بکەن.
پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیمارات (وام) بڵاوی کردووە، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەکە لەلایەن شێخ مەنسوور بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆکی دەوڵەت، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئیمارات دەرچووە، کە نوێنەری چەند وەزارەتێک لەگەڵ نوێنەرانی فیدراڵی و ئیدارە خۆجێیەکانی تێیدا ئەندام دەبن و لە لایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
هەروەها ئەرکی لیژنەکە کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکیۆمێنتکردنی هێرشەکانی ئێران و تاوانە نێودەوڵەتییەکان و زیانەکانە، کە بەهۆیەوە زیان بەر چەند ناوچەیەک و خەڵکی وڵاتەکە و بیانییەکانی نیشتەجێی ئیمارات کەوتووە، هاوکات بەڵگەکان دەکرێنە تۆمارێکی نیشتمانی.
ئەمە لە کاتێکدایە مانگی رابردوو ئیمارات داوای لێپرسینەوەی لە ئێران کردبوو، هەروەها داوای قەرەبووی تەواوی زیانەکانی کردبووەوە.
لە دوای 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێرانی دەستی پێکرد، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، ئێران لە ماوەی جەنگدا زیاتر لە 2800 درۆن و مووشەکی ئاراستەی ئیمارات کردووە، کە بە زۆرترین هێرشی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە هەژمار دەکرێت و بەهۆی هێرشەکانەوە 12 کەس کوژراون، لە نێویاندا تەنیا دوو لە کوژراوەکان سەربازبوون و 10 کەسەکەی دیکە، سەرجەمیان خەڵکی مەدەنی بوون.