جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران: بەم نزیکانە ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕین

محەممەد رەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: "بەم نزیکانە ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕین و هەموو گەمارۆ و فشارەکان کە لە چەند ساڵی رابردوو بەسەر گەلی ئێراندا سەپێندراوبوون، بە سەرکەوتنی گەلی ئێران کۆتاییان دێت و هەڵدەگیرێن".

ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی ئایاری 2026، بڵاوی کردەوە، محەمەد رەزا عارف، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتەکان، کۆمەڵە، دامەزراوە و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت و کەشتیوانی ئێران باسی لە دەستبەکاربوونی هەموو ناوەندەکان کردووە، کە هەرچی زووە بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کارگە و شوێنە پیشەسازییەکانی زیانمەندبووی جەنگ، دەستبەکاربن.

لەبارەی کێڵگە نەوتییەکان و پاڵاوگە زیانپێگەیشتووەکانەوە، جێگری سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی داوە، هیچ ئەگەرێک بۆ جەنگێکی دیکە لە ئارادا نییە، بۆیە نۆژەنکردنەوەی یەکە زیانپێگەیشتووەکانی کەرتی نەوت، پێویستی بە نیگەرانی نییە.

لەم بارەوە، حەسەن عەباسزادە، جێگری وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نیشتمانیی پیشەسازیی پێترۆکیمیایی ئێران رایگەیاندووە، هەنگاوەکانی پرۆسەی نۆژەنکردنەوە یەکە زیانپێگەیشتووەکانی کەرتی نەوت، بە باشی و خێرایی بەڕێوە دەچن.

هەروەها محەمەد رەزا عارف، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گەشبینی خۆی راگەیاندووە، کە بەم نزیکانە ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن و سەرجەم سزا و گەمارۆ سەپێندراوەکانی چەند ساڵەی رابردووی سەر ئێران هەڵدەگیرێن و کۆتاییان دێت.

عارف باسی لەوەش کردووە، هەرچەندە گەرووی هورمز مووڵک ئێرانە، کەچی بە درێژایی ساڵانی لێی سوودمەند نەبوونە، بەڵام ئێستاش ئێران بە لەبەرچاوگرتنی مافە نێودەوڵەتییەکان سوورە لەسەر کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی گەرووەکە.

دەشڵێت: "بەڕێوەبەربردنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە ئاسایشی ئابووری هەموو وڵاتانی ناوچەکە زامن دەکات، چونکە ئێران بەدوای فراوانخوازییەوە نییە، بەڵکو ئامانجیەتی لە دوای جەنگ، هەموو وڵاتانی ناوچەکە بە هاوکاری و هەماهەنگیی ئێران، ناوچەکە بکەنە جەمسەرێکی بەهێزی ئابووری، بۆ ئەمەش ئێران ئامادەیە هاوکاریی تەواوی وڵاتانی دراوسێ بکات".