سێنتکۆم: بەرپەرچی هێرشەکانی ئێرانمانداوەتەوە

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن ئێران بەبێ هۆکار هێرشیان کراوەتەوە سەر، بەڵام بەشێوەیەکی بەرگری لەخۆکردن بەرپەرچی هێرشەکانی ئێرانیان داتەوە.

کەمێک لەمەوبەر سێنتکۆم لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاویکردەوە، 7ی ئایار، لە کاتی تێپەڕبوونی کەشتیە جەنگییەکانی ترۆکستن، رافایێل پێڕالتا و مەیسن لە گەرووی نێودەوڵەتی هۆرمزدا بەرەو کەنداوی عومان لەلایەن هێزەکانی ئێران بە چەند مووشەک و درۆن و پەلاماردانیان بە بەلەمی بچووک کراونەتە ئامانج.

هەروەها رایگەیاندووە، ئامانجە سەربازییەکانی ئێران کە لە هێرشەکان بەرپرسیاربوون لەگەڵ ئەو شوێنانەشی مووشەک و درۆنەکانیان لێوە هەڵدراوە، وێرانکراون.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) جەختیکردووەتەوە، کە بەدوای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانەوە نین، بەڵام هێزەکانیان لە جێگەی خۆیاندا ماونەتەوە و ئامادەن بۆ پاراستنی هێزە ئەمریکییەکان.

هەروەها کەناڵی سی بی ئێس نیوز لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، بەلەمە بچووکەکانی هێزی دەریایی ئێران زۆر لە کەشتیە جەنگییەکانی ئەمریکا نزیکابوونەوە و هەوڵی گەمارۆدانیان هەبووە، هەربۆیە کەشتییەکان تەقەیان لە بەلەمەکان کردووە.