یەکەمین کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمزەوە گەیشتە کۆریای باشوور

کەشتیی نەوتهەڵگری "ئۆدێسا" کە ئاڵای ماڵتای هەڵگرتووە، رۆژی 8ی ئایاری 2026 گەیشتە نزیک بەندەری دایسان لە شاری سیۆسان.
کەشتیی نەوتهەڵگری "ئۆدێسا" کە ئاڵای ماڵتای هەڵگرتووە، رۆژی 8ی ئایاری 2026 گەیشتە نزیک بەندەری دایسان لە شاری سیۆسان.

کۆریای باشوور پێشوازی لە یەکەمین کەشتیی نەوتهەڵگر دەکات کە لە دوای داخستنی گەرووی هورمز بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەیشبێتە ئەو وڵاتە. گەیشتنی ئەم تانکەرە لە کاتێکدایە، سیۆل بە توندی پێویسی تی بە دابینکردنی وزەیە و چاوەڕێی رەواندنەوەی ئاڵۆزییەکانی سەر رێڕەوە ئاوییەکان دەکات.

رۆژی هەینی 8ی ئایاری 2026، کەشتیی "ئۆدێسا" کە ئاڵای ماڵتای هەڵگرتووە و یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بارکردووە، کاتژمێر 10:00 ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ، گەیشتە نزیک لەنگەرێکی تایبەت لە کەناراوەکانی "سیۆسان".

سەرچاوەکانی کەرتی پیشەسازی بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، بڕی نەوتی ناو کەشتییەکە نزیکەی نیوەی بەکاربردنی رۆژانەی کۆریای باشوور پێکدەهێنێت و چاوەڕوان دەکرێت هاوکار بێت لە جێگیرکردنی دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان. بڕیارە ئەو نەوتە بپاڵێورێت و بکرێتە بەرهەمی وەک بەنزین و گازوایل پێش ئەوەی رەوانەی بازاڕەکان بکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوە کردووە، تانکەری "ئۆدێسا" لە 17 ی نیسان و لە کاتی کەمبوونەوەیەکی کاتیی گەمارۆکاندا لە گەرووی هورمز پەڕیوەتەوە. لە کاتی دەستپێکردنی ململانێکانەوە، جموجۆڵی کەشتیوانی لەو گەرووە تەسکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

ئاڵۆزییەکان رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە سەریان هەڵدایەوە دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لە گەرووی هورمز تەقەیان لە یەکدی کرد، ئەمەش ترسی ئەوەی دروستکردووە کە ئاگربەستە فشەڵەکە هەرەسبێنێت.

بەردەوامیی ئەم قەیرانە وای لە کۆریای باشوور کردووە، کە یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەران و پاڵاوگەکانی پێترۆکیمیاوی لە جیهاندا، بۆ یەکەمجار لە دوای نزیکەی 30 ساڵ نرخێکی دیاریکراو بۆ سووتەمەنی دابنێت. هەروەها سیئۆل هەوڵەکانی خێرا کردووە بۆ هەمەجۆرکردنی هاوردەکردنی وزە و توانیویەتی زیاتر لە 270 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە رێگەی دیکەوە دابین بکات کە بۆ ماوەی زیاتر لە 3 مانگ بەشی پێداویستییە ناوخۆییەکان دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، ئارسینۆ دۆمینیگیز، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، نزیکەی 1,500 کەشتی و 20,000 دەریاوانی نێودەوڵەتی بەهۆی ململانێکانەوە لە ناوچەی کەنداو گیریان خواردووە.

کۆریای باشوور بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هاوردەکردنی نەوتی خاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت، کە زۆربەیان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن. تاران لە کۆتایی مانگی شوباتدا و دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەو رێڕەوەی داخست، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی رووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانی ناوچەیی.