بەقایی وڵاتانی کەنداو بە سەرکێش وەسف دەکات
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە بەیتە شیعرێکی موتەنەبی، شاعیری ناوداری عێراق و عەرەب هۆشداری بە وڵاتانی کەنداو دەدات و دەڵێت "ئەگەر کەڵبەی شێرتان بینی، وامەزانن زەردەخەنە دەکات".
ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای شەڕ و پێکدادانەکانی شەوی رابردووی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لە نزیک گەرووی هورمز، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە زمانی عەرەبی هۆشداری بە وڵاتانی کەنداو داوە و بە سەرکێش وەسفیکردوون، هاوکات بە کورتە رستەیەک پەیامەکەی نووسیوە و دەڵێت " ئەگەر کەڵبەی شێرتان بینی، وامەزانن شێرەکە زەردەخەنە دەکات".
شەوی رابردوو هێزەکانی ئێران و ئەمریکا لە نزیک گەرووی هورمز یەکتریان بە هێرشکردنە سەر یەکتری تۆمەتبارکرد و کورتە شەڕێکی توندیان دژ بە یەک کرد، بە گوێرەی راگەیاندنی هێزەکانی ئێران، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا پەلاماری دوو کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانیانداوە و ئەوانیش بە مووشەک و درۆن بەرپەرچی سێ کەشتی جەنگی ئەمریکیان داوەتەوە.
هەروەها فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندووە، کە هێزەکانی ئێران بە مووشەک و درۆن و بەلەمی بچووک هەڵیانکوتاوەتە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ترۆکستن، رافایێل پێڕالتا و مەیسن، کە لە گەرووی نێودەوڵەتی هۆرمزدا بەرەو کەنداوی عومان دەچوون، بەڵام بە توندی وەڵامی هێرشەکانیانداوەتەوە.
هەر لە بارەی ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردوو، گوتەبێژی فەرماندەیی قەراگای خاتەمولئەنبیا، هێزی دەریایی ئەمریکای بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبارکرد، بەڵام سێنتکۆم رایگەیاندووە، بەدوای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانەوە نین، بەڵام هێزەکانیان بەرگریان لەخۆیان کردووە و لە شوێنی خۆیاندا بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا دەمێننەوە.